رووداو دیجیتاڵ
لە جیهانی فاشندا، هەر ساڵەو دیزاین و رەنگی جیاواز لە بازاڕەکاندا خواستی لەسەر هەیە، لە باشووری کوردستان چەندین براندی جیهانی و نێوخۆیی بەرهەمەکانیان بەپێی خواستی کڕیاران دیزاین دەکەن.
بەهۆی گەرماوە لە وەرزی هاویندا خواست لەسەر رەنگە کاڵەکان زیاد دەبێت، بۆ نموونە لە هاوینی ئەمساڵدا، خواست لەسەر رەنگی سەوزی کاڵ و سپی بۆ جلوبەرگی پیاوان هەیە، هەروەها خواست لەسەر رەنگیش قەیسی هەیە، هەروەک زانا موعاز، بەڕێوەبەری هەماهەنگ لەگەڵ براندەکان لە گرووپی سوڵتان لە میانەی هەواڵە هونەرییەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی تەممووزی 2023 باسی کرد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، رەنگی پەمەیی هەموو کاتێک رەنگی دڵخوازی خانمانەوە، بەڵام ساڵانە خواست لەسەری بەپێی تۆنی ئەو رەنگە دەگۆڕێت.
زۆرجار کڕیاران گەلەیی لە بێ کوالیتی جلوبەرگی براندەکان دەکەن، بەڵام زانا موعاز دەڵێت، براندە دیارەکانی جیهانی فاشن کوالیتیان زۆر باشە و هەستیاری بۆ پێستی مرۆڤ دروست ناکات و بە چەندین قۆناخی تاقیکردنەوەدا تێدەپەڕێت، بەڵام دەبێت بەکارهێنەری پابەندی رێنمایی و زانیاریی چۆنیەتی پاراستنی ببێت، بۆ نموونە هەندێ جلوبەرگ هەن نابێت بە ئاوی گەرم بشورێت، چونکە زیانی بە جلەکە دەگەیێنێت، هەروەها گرنگە کڕیار بزانێت جلوبەرگ لە کوێ دەکڕێت.
بەشێک لە بازرگانانی جلوبەرگ لە باشووری کوردستان جگە لە هاوردەکردنی براندە بەناوبانگەکان بۆ بازاڕەکانی کوردستان، کار بۆ براندی تایبەت بەخۆیان دەکەن، بەڕێوەبەری هەماهەنگ لەگەڵ براندەکان لە گرووپی سوڵتان، روونیکردەوە، گرووپەکەیان براندێکی جلوبەرگی تایبەت بەخۆیان هەیە و ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەن ناوبانگی براندەکە ببەنە دەرەوەی وڵات.
روونیشیکردەوە، دیزاینی براندەکەیان لە کوردستان لەلایەن دیزاینەرانی کورد دیزاین دەکرێن، بەڵام لە دەرەوەی وڵات بەرهەمەیان دەهێنن.
هەواڵە هونەرییەکان رۆژانە کاژێر 8:30ـی بەیانی، جگە لە رۆژی هەینی، لەلایەن پێشکێشکار بانوو دڵشاد، لە چوارچێوەی ماوەی هەواڵیی نووڕۆژ پێشکێش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ