مانۆ خەلیل خەونی منداڵێكی كورد دەكاتە فیلم

13-07-2019
پەسار فایەق
نیشانەکردن مانۆ خەلیل
A+ A-

رووداو- هەولێر

چیرۆكی منداڵێكی كورد لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو كە لە یەكێك لە گوندە سنوورییەكانی رۆژئاوای كوردستان ژیاوە، دەبێتە ناوەڕۆكی نوێترین فیلمی مانۆ خەلیل، دەرهێنەری كورد كە ئێستا لە سویسرا دەژی.

مانۆ خەلیل كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە، بە (رووداو)ی راگەیاند كە لە دوای فیلمی سینەمایی (پەرەسێلكە) ئێستا كار بۆ فیلمێكی نوێ دەكات بەناوی (دراوسێ) و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا دەست بە وێنەگرتنی بكات و لە ناوەڕاستی تشرینی دووەم دوایین دیمەنی فیلمەكە تۆمار بكات.

 ژمارەیەك ئەكتەری كورد، عەرەب و ئەوروپی لەم بەرهەمەدا رۆڵ دەگێڕن، یەكێك لەوانە سامر میسری، ئەكتەری سوورییە كە لەسەر ئاستی سووریا و وڵاتانی عەرەبی ناسراوە. لەم فیلمەدا منداڵێك رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت و دەبێتە پاڵەوانی فیلمەكە. مانۆ ئەو رۆڵەی بە منداڵێكی كوردی رۆژئاوای كوردستان داوە.

مانۆ خەلیل ئاماژە بە ناوەڕۆكی فیلمەكە دەدات و دەڵێت: "فیلمەكە باس لە منداڵێكی كوردی تەمەن حەوت ساڵ دەكات كە لە یەكێك لە گوندە سنوورییەكانی رۆژئاوای كوردستان ژیاوە و بە خەیاڵ و بیركردنەوەی تایبەتی خۆی هەوڵدەدات بەهەشتێكی لەسەر زەوی هەبێت، بەڵام مامۆستا بەعسییەكەی كۆتایی بە هەموو خەونە جوانەكانی دێنێت".

چیرۆكی فیلمەكەی مانۆ خەلیل بۆ 25 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بیرۆكەی سەرەتایی ئەوەیە كە ناوی "دراوسێ‌" بێ‌، بەڵام دەڵێت هێشتا ناوی فیلمەكە جێگیرنەكراوە، ئەگەری هەیە بیگۆڕێ‌.

فیلمەكە لەلایەن كۆمپانیای فرایم بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیریی سویسرا، دەزگای بێرن بۆ بەرهەمی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی سویسری و ژمارەیەك كەناڵی ئاسمانیی ئەوروپی بەرهەمدێت. بڕیارە ئەم بەرهەمە سینەماییە لە بەهاری 2020 بۆ نمایش ئامادە بێت، كۆمپانیای فرێنتیك لەسەر ئاستی جیهان بڵاوی دەكاتەوە.

ئەو سینەماكارە كوردە سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەكە و بەشێكی ستافی فیلمەكە كە تاوەكو ئێستا دەستنیشان نەكراون، لە ئایندەیەكی نزیكدا دەستنیشان دەكرێن.

مانۆ خەلیل خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە و لە زانكۆی دیمەشق لە سووریا لە بواری مێژوو و مافپەروەری خوێندوویەتی، ساڵی 1986 لەبواری دەرهێنان لە چیكوسلۆڤاكیا خوێندوویەتی، ساڵی 1993 بە پلەی نایاب دەرچووە، دواتر پلەی ماستەری لە دەرهێنانی سینەمایی و تەلەفزیۆنی بەدەستهێناوە، دواتر هەر لە كەناڵە بینراوەكانی ئەو وڵاتە كاری كردووە و وەك خۆی دەڵێت "ئێستا بە حەوت زمان قسە دەكات".

لە ‌نێوان ساڵانی 1990-1992 وەك ئەكتەر بەشداری لە چەند بەرهەمێكی درامایی كردووە، بەڵام لە دوای تەواوكردنی خوێندن لە ساڵی 1994 و تاوەكو ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار ریپۆرتاژی تەلەفزیۆنی و فیلمی ریكلامی وێنەگرتووە، ئێستا خۆی بۆ كاری سینەمایی و تەلەفزیۆنی تەرخان كردووە و كاری سینەمایی وەك دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر و بەڕێوە‌بەری وێنەگرتنی سەربەخۆ بۆ فیلمە سینەمایی و بەڵگەنامەییەكان دەكات.

خەلیل، لە ساڵی 1996ـەوە لە سویسرا نیشتەجێیە و تاوەكو ئێستا كاری دەرهێنانی بۆ نزیكەی 20 فیلم كردووە، دوایین فیلمەكانی ئەمانەن: (پەرەسێلكە)، (حافیز و مارا)، (ئەنفال)، (دایڤید تولهیلدان)، (زیندانەكەم، ماڵەكەم)، (باخچەكانی بەهەشت) و (تامی هەنگوین).

(تامی هەنگوین) باس لە هەنگەوانێكی كورد لە باكووری كوردستان دەكات كە لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا گەورەترین بەرهەمهێنەری هەنگ بووە لە جیهاندا، ساڵانە 20 تا 30 تۆن هەنگی بەرهەمهێناوە، بەڵام بەهۆی شەڕەوە هەنگ، زەوی، ماڵ و هاوژین و بەشێك لە منداڵەكانی لەدەستداوە، دواجار لە چیاكانی ئەلپ لە سویسرا درێژە بە پیشە و ژیانی دەدات.

ئەو دەرهێنەرە كوردە لەڕێگەی فیلمەكانییەوە چەندین خەڵاتی جیهانیی بەدەستهێناوە و لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپی ناوبانگی پەیدا كردووە.

دوایین فیلمی درێژی سینەمایی مانۆ خەلیل، فیلمی (پەرەسێلكە) بوو كە ساڵی 2015 بڵاوكرایەوە، تێیدا لە چاوی كچێكی كورد – سویسرییەوە جوانی و كولتووری كوردستان پیشاندەدات.

فیلمەكە چیرۆكی كچێكی كورد - سویسری دەگێڕێتەوە كە 30 ساڵ بەر لە ئێستا باوكە كوردەكەی لە سویسرا نیشتەجێ بووە و لەگەڵ ئافرەتێكی سویسری هاوسەرگیری كردووە. بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان ون دەبێت و هیچ هەواڵێك لەبارەیەوە نازانرێت، دەڵێن گوایە كوژراوە.

میرا كچی ئەو پیاوە كوردەیە كە لە دوای 28 ساڵ بۆی دەردەكەوێت باوكی هێشتا لە ژیاندا ماوە، كچەكەی گەشتێك بۆ كوردستان دەكات، گوند بە گوند و شار بە شار دەگەڕێت بۆ ئەوەی باوكی بدۆزێتەوە.

چیرۆكی فیلمەكانی مانۆ خەلیل زیاتر گرێدراوی نێوان كوردستان و سویسران، بەهۆیەوە لەلایەن ئەو وڵاتە و كەناڵە ئەوروپییەكانەوە پاڵپشتی دارایی دەكرێت، لەوانە فیلمی (پەرەسێلكە)، (دایڤید تۆلهیلدان)، (باخچەكانی بەهشت) و (تامی هەنگوین).

خەلیل، لە رێگەی فیلمی داكیۆدرامایی "باخچەكانی بەهەشت"، چەندین خەڵاتی وەرگرتووە و لە ساڵی 2011 ـدا خەڵاتی مرواری سینەمای سویسرا بەدەستهێنا.

ساڵی پار فیلمێكی بەڵگەنامەیی بایۆگرافی ئەو دەرهێنەرە كوردە بەناوی "حافیز و مارا" لە سینەماكانی سویسرا نمایشكرا كە چیرۆكی شێوەكارێكی سویسری بە بۆ بینەر دەگێڕێتەوە. ماوەی فیلمەكە 88 خولەكە و لە غانا، لوبنان و سویسرا وێنەگیراوە و بە زمانەكانی، عەرەبی، ئینگلیزی، ئەڵمانی و فەڕەنسییە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە