لە رۆما ئاریان لەتیف بەشداری لە پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکاری دەکات

رووداو دیجیتاڵ

شێوەکار ئاریان لەتیف، بەشداری لە پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکاری کرد کە لە رۆمای ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، تێیدا 33 شێوەکار لە 22 وڵاتەوە بەشدارن.
 
پێشانگەکە لە 9ـی حوزەیرانی 2023 کرایەوە و تاوەکو 22 هەمان مانگ بەردەوام دەبێت و بەرهەمەکان لە گەلەری بۆربۆنیکای لەندەن خراونەتەڕوو.
 
ئاریان لەتیف، بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند، پێشانگاکە لەلایەن رێکخراوێکی ئەوروپییەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە ئەزموونی 20 ساڵ کارکردنی لە بواری هونەریدا هەیە و ساڵانە کۆمەڵێک چالاکی هونەری ئەنجام دەدات و خۆیان هونەرمەندەکان دیاری دەکەن و بانگهێشتیان دەکەن.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو وەک تاکە هونەرمەندی کورد بانگهێشتی پێشانگەکە کراوە و وەک هونەرمەندێکی کورد بەشداربووە.
 
ئاریان لەتیف، لە 1994 لە سلێمانی لە دایکبووە، دەرچووی بەشی تیشکە لە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی، دەستپێکی کاری هونەریی بۆ 2014 دەگەڕێتەوە، لە 19 پێشانگەی هاوبەش و پێنج پێشانگەی نێودەوڵەتیدا لە تورکیا، یۆنان، کۆریای باشوور و لوبنان بەشداربووە.