رووبار خالید: کۆمێدیای 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' لە ئاستێکی بەرزدایە

رووداو دیجیتاڵ

رووبار خالید، ئەکتەری شانۆگەری 'دوا رۆژەکانی بابلۆ'، لەبارەی ئەم بەرهەمە شانۆییە رایگەیاند، کۆمێدیای شانۆگەرییەکە لە ئاستێکی بەرزدایە و داوا لە خەڵکی هەولێر دەکات لە نمایشی ئەم بەرهەمە ئامادە بن، بۆ ئەوەی خۆیان تێیدا ببینەوە.
 
رووبار خالید، لە میانەی بەشداریکردنی لە هەواڵە هونەرییەکانی رووداو کە رۆژانە کاژێر 10:40ـی بەیانی لەلایەن بانوو دڵشادەوە پێشکێش دەکرێت، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' 55 رۆژ لە سلێمانی نمایشکرا و خەڵک لە هەموو چین و توێژێک پێشوازییان لێیکرد و ئەو شانازی بەو کارەیەوە دەکات. 
 
رووبار خالید، ئەو پێشوازییە گەرمە لە شانۆگەرییەکە، بۆ تێنوویەتی خەڵک بۆ کاری جوان و باش دەگەڕێنێتەوە، گوتیشی "بینەر بە دوای دەقێکدا دەگەڕێت کە راستەوخۆی بەرکەوتنی لەگەڵدا هەبێت و باس لە کێشەکانی کۆمەڵگە بکات".
 
ئەوەشی خستەڕوو، شانۆگەرییەکە کۆمێدیای تێدایە، بەڵام کۆمێدیایەکە لە ئاستێکی بەرزدا.
 
روونیشیکردەوە، ئەم بەرهەمە لە سلێمانی 26 هەزار و 400 بینەری هەبووە، دڵخۆشن بەوەی لە هەولێر نمایشی دەکەن و هیواخوازە خەڵک ئەم بەرهەمە شانۆییە ببینن، بۆ ئەوەی لەگەڵ ستافی کارەکە لەسەر تەختی شانۆ خۆیان ببینەوە.
 
ئەو ئەکتەرە شانۆییە بۆ بینەرانی شانۆ لە هەولێر دەڵێت "ئەگەر بێن دڵنیام کارێکی زۆر جوان و باش دەبینن و پەشیمان نابنەوە".
 
رووبار خالید لەم بەرهەمەدا رۆڵێکی سەرەکی لە پاڵ 16 ئەکتەری دیکەدا دەگێرێت و کۆی ستافی کارەکە 40 کەسن. لەبارەی رۆڵگێڕانی لەم بەرهەمەدا گوتی "شانۆگەرییەکە بۆ من هەموو رۆژێک، رۆژێکی نوێ بوو، خەڵکی نوێم دەبینی و زۆر بەمە دڵخۆش دەبووم، رۆژ بە رۆژ شانازی زیاترم بە کارەکە دەکرد".
 
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' بەرهەمێکی شانۆیی کۆمێدی و میوزیک ئامێزە، لە دەرهێنانی شوان کەریمە، سۆران عوسمان و کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ بەرهەمهێنەرینە و لاوک ئەبوبەکر وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری بۆ دەکات و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی نمایشەکەیە لە هەولێر.
 
لەم بەرهەمە شانۆییەدا رێشان حەمۆ، رووبار خالید، سۆران ئەکرەم، تاهیر عەبدولواحید و هەنار کامەران و ژمارەیەک ئەکتەری دیکە رۆڵی تێدا دگێڕن.
 
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' باس لە چیرۆکی بابلۆی دەوڵەمەند و بەناوبانگ دەکات، بەیانییەک بە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراوی یەکێک لە کارمەندەکانی لە خەو هەڵدەستێ، ئەمەش دەستپێکی رۆژێکی دەبێت کە سەرتاپای ژیانی دەگۆڕێت، لە پاڵ چیرۆکی بابلۆ، چیرۆکی عاشقبوونی کچەکەی و شوفێرە تایبەتەکەی هەیە. 
  
شوان کەریم، لە 1991ـەوە لە بواری شانۆدا کاردەکات، لە 1994ـەوە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و لە زانکۆی هانۆڤەر هونەری شانۆی خوێندووە، ئەندامی گرووپە شانۆییەکانی 'نامۆ'، 'هانۆڤەر 98، 'ئیمپرۆکۆکن' و 'سکێچ' بووە، لە زیاتر لە 50 بەرهەمی شانۆیی وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بەشداربووە.
 
لە بەرهەمە شانۆییەکانی ئەو شانۆکارە کوردە وەک نووسەر و دەرهێنەر، 'کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی'، 'شەوی نیشتمانی'، 'ساڵی سفر'، 'هەمیشە یەکێک جێمان دێڵێت'، 'گەر بڕیارە نمرین' و 'سەرەتا زۆر سەرەتا'، جگە لەم بەرهەمانەی کە بە کوردین، شەش بەرهەمی دیکەی شانۆیی بە زمانی ئەڵمانی هەیە و نووسەری رۆمانێکیشە.