رۆبێرتۆ کاڤالی لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرتۆ کاڤالی، دیزاینەری ئیتاڵی، کە بە لێهاتوویی لە بواری دیزاینی جلوبەرگدا ناوبانگی پەیداکردبوو، لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
هەواڵی کۆچی دوایی کاڤالی، لەلایەن کۆمپانیای تایبەت بە خۆی بڵاوکرایەوە کە رۆژی هەینی 12ـی نیسانی 2024 ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.
 
فاوستۆ پوییزی، لە 2020ـەوە بەڕێوەبەری بەشی داهێنانە لە کۆمپانیای رۆبێرتۆ کاڤالی، لەبارەی کۆچی دوایی کاڤالی، پۆستێکی لە هەژمارەکەی لە ئینستگرام کردووە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە: "ئازیزیم رۆبێرتۆ، رەنگە لەمەبەدوا بە جەستە لە نێو ئێمەدا نەبیت، بەڵام من دەزانم بەردەوام لەگەڵ خۆمدا هەست بە رۆحت دەکەم".
 
کاڤالی لە فلۆرەنسای ئیتاڵیا لە 15ـی ئەیلوولی 1940 لە ماڵباتێکی هونەرمەند لەدایکبووە، لە تەمەنی چوار ساڵیدا باوکی لەدەستداوە کە لەلایەن نازییەکانەوە کوژراوە، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە بواری فاشندا ناوبانگی پەیداکردووە و خانەی تایبەت بە خۆی دامەزراندووە.
 
کاڤالی توانی ببێتە ناوێکی درەوشاوە لە جیهانی فاشندا، ئەستێرەی هونەریی وەک مادۆنا و بیۆنسێ، دیزاینەکانیان پۆشیوە.