رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند هۆگر فاتیح رەسوڵ، دوای گەڕانەوەی بۆ سەر کاری هونەری، چەند بەرهەمێکی بڵاوکردووەتەوە، دوایین بەرهەمیش بەناوی "نیشتمانی دایک"ـە.
هۆگر فاتیح، برای هونەرمەند ئاراس کۆییە کە ناوێکی دیاری نێو هونەری میوزیک و گۆرانی کوردییەوە، لە نێو هەوادارانیدا بە "خەپە گیان" دەناسرێت، ئەم ناوەش بۆ یەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی بەناوی "خەپە گیان بوخۆم" دەگەڕێتەوە.
"نیشتمانی دایک" لە تێکستی و ئاوازی هونەرمەند خۆیەتی و بەشێکی تێکستەکەی وەرگیراوە، بە گشتی زۆربەی ئاواز و گۆرانییەکانی ئەو گۆرانیبێژ و میوزسیانە کوردە، دەربڕینی خۆشەویستییە بۆ کوردستان.
زۆربەی بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە دەربڕینی خۆشەویستین بۆ کوردستان، لەوانەش سروودی "کوردستانی من".
هۆگر فاتیح، لە کۆتایی 31ـی کانوونی دووەمی 2025، بەرهەمێکی دیکەی بەناوی "ئاشتی" بڵاوکردەوە کە لە تێکستی شاعیر عەبدوڵڵا پەشێو و ئاوازی خۆیەتی.
هاوینی 2024، گۆرانییەکی بەناوی "دڵدارەکەم" لە ئاوازی خۆی و تێکستی جەعفەر حوسێن بڵاوکردەوە. گۆرانییەکە بە دەنگی شەپۆڵی دەریا دەستپێدەکات، وشەکان بە دەنگی گۆرانیبێژ ئاوێتەی میوزیکێکی خاو دەبێت. ناوەڕۆکێکی سۆزداری هەیە و وشەکان دەربڕین و گوزارشتکردنە لە جوانی یار.
هۆگر فاتیح رەسوڵ، لە 1967 لە کۆیەی باشووری کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواوکردووە، لە 1978 لە کاتی پشووی هاوین میوزیکی خوێندووە، لە 1978 تاوەکو 1981 ئەندامی تیپی مۆسیقای منداڵانی هەولێر بووە، بە سەرپەرشتی هونەرمەند وریا ئەحمەد.
لە کۆتایی 1981 کوردستانی جێهێشتووە و لەگەڵ براکانی، ئاسۆس، نزار و ئاراس، رووی لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو کردووە، لە 1990 ماستەری لە بواری ئەندازیاری هەیە و لە 1994 دکتۆرای لە هەمان بواردا بەدەستهێناوە، پسپۆرییەکەی "دیزاینی سیستەمی ئۆتۆماتیکی و کۆنتڕۆڵکردن"ـە.
لە 1982 لەگەڵ برا و هاوڕێیەکی تیپێکی میوزیکی کوردی بەناوی "بڵێسە" دامەزراندووە، تاوەکو 1990 بەردەوام بووە و بەرهەمی کوردیی پێشکێشکردووە، خۆی ئاوازی گۆرانییەکانی داناوە. تیپەکە ئاهەنگی لە یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی دیکە سازکردووە.
لە 1994 لە سوێد نیشتەجێ دەبێت و لە 1999 یەکەم ئەلبوومی تایبەت بە خۆی بەناوی "دڵدار" بڵاوکردوە، تێکڕای ئاوازی گۆرانییەکانی خۆی دایناون و بەشێک لە تێکستەکانی نووسیون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ