رووداو دیجیتاڵ
شاکیرا، هونەرمەندی کۆلۆمبیایی، گەشتە هونەرییەکەی بە کۆنسێرتێک لە بەڕازیل دەستپێکرد و بڕیارە دوایین کۆنسێرتی گەشتەکە، لە سان فرانسیسکۆی ئەمریکا پێشکێش بکات.
گەشتە هونەرییەکە بەناوی "Las Mujeres Ya No Lloran"یە و لە یەکەم وێستگەی گەشتەکەیدا، زیاتر لە 30 کۆنسێرت لە ئەرجەنتین، چیلی، کۆلۆمبیا، مەکسیک، پیرۆ و ئەمریکای باکوور سازدەکات. کۆنسێرتەکەی بەڕازیل، رۆژی سێشەممە 11ـی شوباتی 2025 لە شاری ریو دی جانێرۆ بەڕێوەچوو و وێنەی کۆنسێرتەکەی لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە.
ئەو هونەرمەندە جیهانییە لە پۆستێکی ئینستگرامدا بڵاویکردەوە، بۆ گەشتە هونەرییەکەی، رۆژانە 14 کاژێر راهێنان و ئامادەکاری کردووە.
ئامانجی گەشتە هونەرییەکە زیاتر ناساندنی ئەلبوومی نوێی شاکیرایە کە بەناوی "Live Nation"یە و براوەی خەڵاتی گرامییە.
گەشتە هونەرییەکە لەلایەن کۆمپانیای "Live Nation" رێکخراوە و دەبێتە یەکەم گەشتی ئەو گۆرانیبێژە، دوای گەشتی "El Dorado"ـە کە لە 2017-2018 بەڕێوەچوو.
پێشتر شاکیرا شوێن و وادەی بەڕێوەچوونی بەشێک لە کۆنسێرتەکانی راگەیاندبوو، بەڵام بەهۆی پێشوازیی هەوادارانی لە کۆنسێرتەکان، بۆ شوێنی فراونتر گواسترانەوە.
کۆنسێرتەکانی گەشتە هونەرییەکە لە ئەمریکای باکوور، لە 13ـی ئایاری 2025 لە شاری شارڵۆتی ئەمریکا دەستپێدەکات، دواتر لە تورونتۆ، بۆستن، مەیامی و لاس ڤێگەس بەردەوام دەبێت و لە 26ـی هەمان مانگ کۆنسێرتێکی تایبەت لە نیویۆرک پێشکێش دەکات.
شاکیرا، دوایین کۆنسێرتی لە وێستگەی یەکەمی گەشتە هونەرییەکەی لە 30ـی حوزەیرانی 2025 لە سان فرانسیسکۆی ئەمریکا پێشکێش دەکات، دواتر وێستگەی دووەمی گەشتەکەی رادەگەیێنێت.
ئەو هونەرمەندە دوای حەوت ساڵ و چەندین کێشەی خێزانی و یاسایی، ئەلبوومی "Las Mujeres Ya No Lloran" بڵاوکردەوە کە لە 16 تراک پێکهاتووە و 12یەمین ئەلبوومی ستۆدیۆیەتی.
وێنەی رووخساری شاکیرا بە فرمێسکێکی دەستکردەوە لەسەر رووبەرگی ئەلبوومەکە هەیە، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ ئەو ئازار و ناخۆشیانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا چەشتوویەتی، بەتایبەتیش جیابوونەوەی لە جیرارد پێکێ، یاریزانی پێشووی تۆپی پێی ئیسپانی.
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو ناوبانگییەکی زۆری بەدەستهێنا، چەندین ئەلبوومی بڵاوکردەوە و چەندین خەڵاتی جیهانیی بەدەستهێنا، خاوەنی چەندین گەشتی هونەریی بەناوبانگە، یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە لە گێمی یەکەمی پاڵەوانیەتی سوپەر بۆولی ئەمریکی گۆرانی گوتووە.
ئەو هونەرمەندە پێشتر لەبارەی ئەلبوومەکەی گوتبووی، هەمەجۆری لە بەرهەمەکەیدا هەیە، میوزیکی پۆپ، ئافرۆبێت، رێگێتین و میوزیکی مەکسیکی و رۆکیش لەخۆدەگرێت، یەک هێڵی هاوبەشی تێدایە، ئەویش لە ئەزموونی ژیانی راستەقینە سەرچاوەی گرتووە.
شاکیرا لە 2ـی شوباتی 1977 لە کۆلۆمبیا لەدایکبووە و بە رەچەڵەک لوبنانییە، بە شاژنی میوزیکی لاتینی دەناسرێت، لە تەمەنی 13 ساڵییەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، دوو ئەلبوومی سەرەتای بەناوەکانی "Magia" لە 1991 و "Peligro" لە 1993 لە رووی داهاتەوە شکستیان هێنا، بەڵام ئەلبوومی "Pies Descalzos" لە 1995 سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا.
لە 2001 یەکەم ئەلبوومی بە زمانی ئینگلیزی بەناوی "Laundry Service" بڵاوکردەوە و دەستپێکی بە جیهانیبوونی ئەو هونەرمەندە بوو، زیاتر لە 13 ملیۆن کۆپیی فرۆشرا، کۆی گشتی ئەلبوومەکانی زیاتر لە 95 ملیۆن کۆپییان فرۆشراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ