سێ فیلمی جەیمس کامیرۆن رکابەری یەکدی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

جەیمس کامیرۆن ناوێکی دروشاوەی سینەمای هۆلیوود و جیهانە، فیلمەکانی لە رووی داهاتەوە بە ئاستێک بەرزن کە ئێستا رکابەری یەکدی دەکەن.
 
کامیرۆن، دەرهێنەری بەشی یەکەمی فیلمی 'Avatar'ـە کە فیلمی پڕداهاتی مێژووی سینەمای جیهانە، لە دوای ئەودا فیلمی 'Titanic' لە ریزبەندی سێیەمدا دێت و ریزبەندی چوارەمیش بۆ بەشی دووەمی فیلمی 'Avatar'یە بەناوی 'Avatar: The Way Of The Water'.
 
لە لیستی فیلمە پڕداهاتەکان لە مێژووی سینەمای جیهاندا، سێ فیلمی ئەو دەرهێنەر لە ریزبەندی یەکەم، سێیەم و چوارەمدان و رکابەری یەکدی دەکەن، بەم دواییە بەشی دووەمی فیلمی 'Avatar' توانی پێش فیلمی 'Titanic' بکەوێت، ئەویش لە دوای دووبارە پێشاندانی ئەم بەرهەمە لە سینەماکاندا؛ توانی پێش 'Avatar' بکەوێتەوە و بگەڕێتەوە ریزبەندی سێیەم.
 
بەشی یەکەمی 'Avatar' کە لە 2009 بڵاوکرایەوە، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا دوو ملیار و 923 ملیۆن دۆلارە، لە ریزبەندی سێیەمدا 'Titanic' دێت و داهاتی دوو ملیار و 798 ملیۆن دۆلارە و بەرهەمی 1997ـە و سێیەمیان 'Avatar: The Way Of The Water'یە و بەرهەمی 2022ـە و داهاتی دوو ملیار و 217 ملیۆن دۆلارە.
 
لە ریزبەندی دووەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی جیهاندا، فیلمی 'Avengers: Endgame' دێت کە بەرهەمی 2019یە و داهاتی لە سینەماکاندا دوو ملیار و 799 ملیۆن دۆلارە، بەڵام فیلمەکانی کامیرۆن دەیانەوێت ریزبەندی دووەم بەو فیلمە چۆڵ بکەن.
 
لەلایەکی دیکەوە فیلمی 'Avatar: The Way of Water' توانی 623 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور بەدەستبێنێت و پێش فیلمی 'Avengers: Infinity War' کەوت کە داهاتی 623 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار بوو و بەرەو ریزبەندی شەشەم دابەزی.
 
هەروەها بەشی دووەمی 'Avatar' وەک دووەم خێراترین فیلمی دەستنیشانکرا کە داهاتی زۆر بە خێرایی گەیشتە دوو ملیار دۆلار.
 
'Avatar: The Way of Water' تەنیا لە چین 238 ملیۆن دۆلار، لە فەرەنسا 137 ملیۆن دۆلار، لە ئەڵمانیا 125 ملیۆن دۆلار و لە کۆریای باشوور 103 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە.
 
دواکەوتنی بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، چەند ساڵێک بە کاری بەرهەمهێنانییەوە پەیوەیست بوو، بەم دواییەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەری لەسەر دواخستنی بڵاوکردنەوەی هەبوو و بودجەی بەرهەمهێنانی 350 ملیۆن دۆلارە.
 
بەشی یەکەمی 'Avatar' لە جۆری فیلمەکانی خەیاڵی زانستییە، بە بڕی 237 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەرهەمهاتووە، لە یەکەم هەفتەی نمایشکردنیدا لە هۆڵە سینەماییەکانی ئەمریکای باکووردا، زیاتر لە 77 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا.
 
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە، چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە سێ خەڵاتی ئۆسکار، لە کۆی ئەو نۆ خەڵاتەی بۆی بەربژێرکرابوو.
 
ئەو داهاتە زۆرە وایکرد، بەرهەمهێنەرانی بیر لە بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی بکەنەوە، دواتریش بڕیاری چوار بەشی دیکەی درا، بەڵام لە دوای تێپەربوونی 13 ساڵ، بڕیاری بڵاوکردنەوەی بەشی دووەمی درا، ئەمەش ناڕەزایەتی هۆگرانی ئەم فیلمەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
چیرۆکی فیلمەکە لەلایەن جەیمس کامیرۆن نووسراوە و رووداوەکانی ئەم بەرهەمە لە 2154 روودەدەن و بڕیاربوو لە 1997 بکرێتە فیلم، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوکات تەکنەلۆژیا زۆر پێشکەوتوو نەبووە، بۆیە بەرهەمهێنانی دواخرا.