سینەمای هۆلیوود زیاتر روو لە دنیای خەیاڵ دەکات

رووداو-هەولێر
سینەمای هۆلیوود زیاتر روو لە دنیای خەیاڵ و فیلمە ئەنیمەیشنەکان دەکات، پشت بە هەموو ئەو تەکنیکانە دەبەستێت کە راستەقینە نین، بەڵام بەشێوازێک دەیخاتەڕوو کە بۆ چاوی بینەر راستەقینە بن.

زنجیرە فیلمی "زە جەنگل بووک"، یەکێک لەو فیلمە سینەماییانەیە کە لە کاری بەرهەمهێنانیدا زیاتر پشت بە تەکنیکی کۆمپیوتەر بەستراوە.
بەپێی هەندێک راپۆرتی رۆژنامەڤانی، نوێترین بەشی ئەم زنجیرە فیلمە لە سەدا 99 بە کۆمپیوتەر بەرهەمهاتووە، ئەوەی کە لە فیلمەکەدا راستەقینەیە تەنها کەسایەتی سەرەکی فیلمەکەیە کە بەناوی ماوگلییە و نێل سەیزی رۆڵەکەی دەگێڕێت.

زۆربەی دیمەنەکانی نێو ئەم فیلمە وەک دیمەنی راستەقینە بەرچاو دەکەون و بۆ یەکەمجارە بە تەکنیکێکی وا پیشکەوتوو بەرهەمهاتووە.
دەرهێنەری بەشی نوێی ئەم فیلمە ئەنیمەیشنە، جۆن فێڤرۆیە و هەریەک لە سکارلێت جۆهانسن، ئیدریس ئەلبا و بێل مۆرێی رۆڵی سەرەکی بە دەنگ 
دەگێڕن.

ئەم فیلمە سینەماییە لە 15 ئەپرێلی ئەمساڵدا لە هۆڵە سینەماییەکانی ئەمریکای باکووردا نمایشدەکرێت و دواتریش لە سینەماکانی جیهاندا.  
"زە جەنگل بووک" لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای دیزنییە و یەکەم بەشی لە ساڵی 1967 لەلایەن کۆمپانیای دیزنی بەرهەمهاتووە و لە یەکەم رۆژی نمایشیدا بڕی 73 ملیۆن دۆلاری وەک داهات بەدەستهێنا.

چیرۆکی ئەم فیلمە لە رۆمانێکی رۆدیارد کێپلینگ بە هەمان ناو وەرگیراوە و بە یەکێک لەو چیرۆکە سەرکەوتووەکان دەناسرێت کە بۆ منداڵان نووسراوە و باس لە ژیانی نێو دارستان دەکات.