رووداو دیجیتاڵ
پاریس هێڵتن، ئەکتەر و سەرمایەداری ئەمریکی، لە دوای سووتانی ماڵەکەی لە لۆس ئەنجلس، بڕی 100 هەزار دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوانی ئاگرکەوتنەوەی شارەکە بەخشی.
هێڵتن ئەو بڕە پارەیەی لە رێگەی رێکخراوە قازانج نەویستەکەیەوە بەخشیوەتە ئەو خێزانانە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە ئاوارەبوونە.
لەلایەکی دیکەوە جێمی لی کۆرتس، ئەکتەری ئەمریکی بڕی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەخشیوەتە سندوقی بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس.
بەشێکی زۆر لە ئەستێرە هۆلیوودییەکان لە لۆس ئەنجلس دەژین، بەهۆی ئاگرەکەوە ماڵەکانیان سووتاوە، لەوانەش ماڵی بیڵی کریستاڵ، ئەکتەری کۆمێدی ئەمریکی، ئەنتۆنی هۆبکێنز، ئەکتەری وێڵزی، پاریس هیڵتن، ئەکتەری و سەرمایەداری ئەمریکی، جێمس وۆدس، ئەکتەری ئەمریکی و مایڵس تەلەر، ئەکتەری ئەمریکی.
ئادەم ساندلەر، تۆم هانکس، بێن ئافلێک و ستیڤن سپێلبێرگ لە ئەستێرە دیارەکانی هۆلیوودن کە ماڵەکانیان لەو شارەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیان بەر ماڵەکانیان نەکەوتووە.
لەلایەکی دیکەوە بریتنی سپیرز، گۆرانیبێژی ئەمریکی، بەهۆی ئاکرکەوتنەوەی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، خانووەکەی چۆڵکرد کە نرخەکەی بە 7.4 ملیۆن دۆلار خەملێندراوە.
بەشێک لە ئەستێرەکانی هۆلیوود، جلوبەرگە بەکارهاتووەکانیان دەبەخشنە لێقەوماوانی ئاگرکەوتنەوەی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا.
بەخشینی جلوبەرگ لەلایەن هونەرمەندانی هۆلیوود، لە دوای دەستپێشخەرییەکی جینا کۆپەر، بریکاری بەناوبانگی خانووبەرە دێت، تێیدا داوای لە ئەستێرەکانی هۆلیوود کردووە، جلوبەرگ و کەلوپەلی پێویست ببەخشنە لێقەوماوان.
شارۆن ستۆن و هالی بێری لەو دوو ئەستێرە سینەماییە دیارانەن کە پاڵپشتی خۆیان بۆ دەستپێشخەرییەکە پێشاندا و جلوبەرگ و جانتا و کەلوپەلی دیکەی خۆیان بەخشیوە.
هالی بێری لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە ئینستگرام نووسیبووی، هەموو جلوبەرگەکانی کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بیبەخشێت و داوای لەو کەسانە کردووە کە لە باشووری کالیفۆرنیان هەمان کار بکەن.
لە 7ـی کانوونی دووەمی 2025، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە رووبەڕووی پێنج ئاگری فراوان لە پێنج ناوچەی جیای دەووروبەری شاری لۆس ئەنجلس بوونەتەوە، بۆیە باری لەناکاو لە ویلایەتی کالیفۆرنیا راگەیێندراوە.
بەگوێرەی بەرپرسانی کالیفۆرنیا، تاوەکو ئێستا 24 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئاگرەکەش بووەتە هۆی سووتانی زیاتر لە 15 هەزار هێکتار رووبەری زەوی و دوو ناوچەی باشووری ویلایەتەکە زۆر زیانیان بەرکەوتووە، ئەوانیش ناوچەکانی پالیسێدیسە و ناوچەیەکی گرانبەهای لۆس ئەنجلسە و زۆربەی ئەستێرەکانی هۆڵیوود خانوو و ڤێلایان لەو ناوچەیە هەیە. تائێستا زیاتر لە نۆ هەزار و 500 هێکتار زەوی سووتاوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیوویانە تەنیا 11٪ـی ئاگری ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن.
ئاگرێکی دیکە لە ناوچەی تیتۆنە کەوتووەتەوە کە تائێستا تەنیا 15٪ـی ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و زیاتر لە پێنج هەزار و 600 هێکتار رووبەری زەوی سووتاوە.
بەرپرسانی ویلایەتەکە ئاماژە بەوە دەکەن، تا ئێستا 12 هەزار ماڵ، باڵەخانە و ئۆتۆمبێل سووتاون، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 180 هەزار کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە و روویان لە ناوچەکانی دیکەی شاری لۆس ئەنجلس کردووە.
ئەو ئاگرەی باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیا بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتە سرووشتییەکانی ئەو ویلایەتە هەژمار دەکرێت، تائێستا زیانی ئاگرەکە بە نزیکەی 150 ملیار دۆلار خەملێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ