هونەرمەندانی کۆریای باشوور داوای لێکۆڵینەوە لە مردنی لی سۆن کیۆن دەکەن

13-01-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن لی سۆن کیۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆنگ جۆن هۆ، دەرهێنەری فیلمی 'Parasite' و براوەی خەڵاتی ئۆسکار و ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کۆریای باشوور، داوای لێکۆڵینەوە لە مردنی لی سۆن کیۆن، ئەکتەری ناسراوی وڵاتەکەیان دەکەن.
 
رۆژی هەینی 12ـی کانوونی دووەمی 2024 لە سیئۆلی کۆریای باشوور، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بۆنگ و هونەرمەندان، نووسەران، ئەکتەران و بەرهەمهێنەران پرسیاری ئەوەیان خستەڕوو، بۆچی پۆلیس چەندین جار بانگهێشتی کیۆنی کردبوو و کامێرای تەلەفزیۆنی لەوێ بووە، ئایا هیچ کێشەیەک لە زانیارییەکان لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا هەبووە یان نا؟
 
کیۆن (48 ساڵ) کە لە فیلمی 'Parasite' رۆڵی گیڕاوە، لە 27ـی کانوونی دووەمی 2023 لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بە مردوویی دۆزرایەوە، هەر لە سەرەتاوە باس لەوە دەکرا کە خۆی کوشتووە، ئەمەش لەدوای لێکۆڵینەوەی چڕوپڕی چەند هەفتەیی پۆلیس لەگەڵی لەبارەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەوە.
 
ئەو ئەکتەرە پێشتر لەلایەن پۆلیسەوە تۆمەتبارکرابوو کە ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە، بەڵام کیۆن پێداگیری دەکرد کە فێڵی لێکراوە و مادەی هۆشبەری پێدراوە، تەنانەت ئەو "نازانێت ماددەی هۆشبەر چییە".
 
بەر لە دۆزینەوەی تەرمی ئەو ئەکتەرە، پۆلیسی ئەو شارە پێشتر رایگەیاندبوو، ئاگادارکاربوونەوە کە ئەو ئەکتەرە تەمەن 48 ساڵە ونبووە و ئاژانسی یونهابی کۆریای باشووریش ئەوکات بڵاویکردەوە، ماڵباتی کیۆن رایگەیاند، لە 27ـی مانگ ماڵەوەی جێهێشتووە و نامەیەکی جێهێشتووە، هاوەشێوەی نامەی خۆکوشتنە.
 
فیلمی کۆری 'Parasite' لە 2020 خەڵاتی ئۆسکار لە چوار بەشدا بەدەستهێنا، لەوانە باشترین فیلم، هەروەها یەکەم فیلم بوو لە مێژووی ئۆسکاردا کە بە زمانی ئینگلیزی نەبێت و بتوانێت خەڵاتی باشترین فیلم بەدەستبێنێت و یەکەم فیلمی کۆریای باشوورە ببێتە خاوەنی ئەو خەڵاتە.
 
لە فیلمەکەدا کیۆن رۆڵی باوك لە ماڵباتێکی دەوڵەمەنددا دەگێڕێت.
 
کیۆن لە رێگەی ئەو فیلمەوە لەگەڵ ستافی ئەکتەرانی فیلمەکە، خەڵاتی ئەکتەرانی شاشەی ئەمریکای بەدەستهێنا کە بە هاوبەشی دەبەخشرێتە ستافی ئەکتەرانی فیلمێک، هەروەها لە 2023 بەربژێری خەڵاتی ئێمی بوو بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی 'Dr. Brain'.
 
کۆریای باشوور یاسای تووندی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر هەیە، ماوەیەکی زۆرە زۆرترین رێژەی خۆکوشتن بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی پێشکەوتووی جیهان تۆمارکردووە، بەتایبەتیش خۆکوشتنی ئەستێرەکانی هونەر، سیاسەتمەدارە دیارەکان و بەڕێوەبەری کارەکان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە