'دوا رۆژەکانی بابلۆ' لە کوردستان و ئەڵمانیا نمایش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
شانۆگەرییەکی نوێ بەناوی 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' لە دەرهێنانی شوان کەریم بەرهەمهێنراوە و بڕیارە مانگی داهاتوو نمایشبکرێت.
لەم بەرهەمە شانۆییەدا ژمارەیەک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن، لەوانە، رێشان محەممەد، رووبار خالید، سۆران ئەکرەم، تاهیر عەبدولواحید، مەستان مەریوان، فەرهاد سەعدی و هەنار کامەران.
شانۆگەرییەکە لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و میوزیک ئامێزەکانە، سۆران عوسمان و کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ بەرهەمهێنەرینە و لاوک ئەبوبەکر وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری بۆ دەکات.
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' باس لە چیرۆکی بابلۆی دەوڵەمەند و بەناوبانگ دەکات، بەیانییەک بە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراوی یەکێک لە کارمەندەکانی لە خەو هەڵدەستێ، ئەمەش دەستپێکی رۆژێکی دەبێت کە سەرتاپای ژیانی دەگۆڕێت، لە پاڵ چیرۆکی بابلۆ، چیرۆکی عاشقبوونی کچەکەی و شوفێرە تایبەتەکەی هەیە.
شوان کەریم بە رووداوی راگەیاند، ماوەی یەک مانگە پرۆڤە لەسەر ئەم بەرهەمە شانۆییە دەکەن و لە سەرەتای مانگی داهاتوودا نمایشدەکرێت.
شانۆگەرییەکە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک نمایشدەکرێت، بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە ئەڵمانیاش نمایشبکرێت.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 13-1-2021، لە هوتێل رامادا لە سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەشێک لە ستافی شانۆگەرییەکە ئامادەبوون و وردەکاری بەرهەمهێنانی شانۆگەرییەکە و نمایشکردنیان بۆ میدیاکان خستەڕوو.
شوان کەریم، لە 1991ـەوە لە بواری شانۆدا کاردەکات، لە 1994ـەوە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و لە زانکۆی هانۆڤەر هونەری شانۆی خوێندووە، ئەندامی گرووپە شانۆییەکانی 'نامۆ'، 'هانۆڤەر 98، 'ئیمپرۆکۆکن' و 'سکێچ' بووە، لە زیاتر لە 50 بەرهەمی شانۆیی وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بەشداربووە.
لە بەرهەمە شانۆییەکانی ئەو شانۆکارە کوردە وەک نووسەر و دەرهێنەر، 'کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی'، 'شەوی نیشتمانی'، 'ساڵی سفر'، 'هەمیشە یەکێک جێمان دێڵێت'، 'گەر بڕیارە نمرین' و 'سەرەتا زۆر سەرەتا'، جگە لەم بەرهەمانەی کە بە کوردین، شەش بەرهەمی دیکەی شانۆیی بە زمانی ئەڵمانی هەیە و نووسەری رۆمانێکیشە.