جەیسن مۆمۆوا و لیزا بۆنێت جیابوونەوە

رووداو دیجیتاڵ
هەردوو ئەکتەری ئەمریکی جەیسن مۆمۆوا و لیزا بۆنێت، لە دوای 16 ساڵ پێکەوە بوون، بڕیاری جیابوونەوەیان دا.
دوێنی چوارشەممە 13-1-2021، مۆمۆوا و هاوژینەکەی هەواڵی جیابوونەوەیان راگەیاند.
جەیسن مۆمۆوا، تەمەن 42 ساڵ، بۆنێت تەمەن 54 ساڵ، لە 2005 پەیوەندییەکی سۆزداری لە نێوانیاندا دروستبوو و لە کۆتایی 2017 ژیانی هاوژینیان پێکهێنا و خاوەنی کوڕ و کچێکن.
جەیسن مۆمۆوا، لە 1 ئابی 1979 لە دایکبووە، جگە لە ئەکتەری، وەک نمایشکاری جلوبەرگیش ناسراوە و بە جوانی و سەرنجڕاکێشییەکەی ناوبانگی پەیداکردووە، لەرێگەی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی 'Game of Thrones' ناوبانگییەکی جیهانی پەیداکرد.
لە 1998 وەک نمایشکاری جلوبەرگ دەستیپێکردووە و لە 1999 نازناوی نمایشکاری جلوبەرگی هاوایی پێبەخشرا و لە پێشبڕکێی شاجوانی هاوای بۆ نەوجەوانان بەشداربوو.
لە 1999 تاوەکو 2001 لە زنجیرەی ئەکشن و درامایی 'Baywatch' بەشداربوو و بۆ ئەو دەستپێکێکی بەهێز بوو.
لیزا بۆنێت، لە 16 تشرینی دووەمی 1967 لە دایکبووە، لە چەندین فیلمی سینەماییدا بەشداربووە، لەوانە 'Angel Heart'، 'High Fidelity' و 'Road to Paloma'.