ئیسلام زاخۆیی:تەندروستی عەبدولقەهار زاخۆیی بەرەو باشی دەچێت


رووداو- هەولێر

ئیسلام زاخۆیی، برای هونەرمەند عەبدولقەهار زاخۆیی لە ئەنقەرە بەرووداوی راگەیاند، کە دوای پشکنینی پزیشکی هونەرمەند عەبدولقەهار، دکتۆرەکان چارەسەری دوو مانگیان پێداوەو دڵنیاشیان کردووەتەوە نەخۆشییەکەی کۆنترۆڵ دەکرێت.


لەبارەی دواین زانیاری لەسەر تەندروستی عەبدولقەهار زاخۆیی، ئیسلام زاخۆی لە ئەنقەرەوە بەرووداوی گوت" چەند رۆژێکە لەلایەن چەندین دکتۆرەوە هەموو پشکنینەکان بۆ عەبدولقەهار کراوە، دکتۆرەکان توانیویانە چارسەر بدۆزنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دکتۆرەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەگەر عەبدولقەهار زوو نەگەیشتبوایە لای ئەوان چارەسەرەکە سەختر دەبوو".

ئیسلام زاخۆیی گوتیشی" دکتۆرەکانی تورکیا چارەسەری دوو مانگیان بۆ عەبدولقەهار نووسیوە، دەبێت دوای دوو مانگی دیکە بگەڕێتەوە بۆ تورکیا تاوەکو پشکنینی دیکەی بۆ بکەن، ئەگەر تەندروستی باشتر بێت چارەسەری دیکەی پێنادەن، بۆیە بڕیارە لەم دوو رۆژەی داهاتوودا بگەڕێینەوە کوردستان".

ئیسلام زاخۆیی بەناوی بنەماڵەکەیان سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد، کە هاوکاری و کار ئاسانیان بۆ عەبدولقەهار کردووە، بۆ ئەوەی لە دەرەوە چارەسەری وەربگرێت، لەمبارییەوە  گوتی " سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین، کە بوونە هۆی رزگارکردنی عەبدولقەهار زاخۆیی، و کار ئاسانیان بۆ رەوانەکردنی بۆ تورکیا کردووە، هاوکات سوپاسێکی تایبەتمان بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی هەیە، کە لەسەرەتای نەخۆش کەوتنی عەبدولقەهار تاوەکو ئێستا لەگەڵ ئێمە بوونەو سات دوای سات هەواڵی ئێمەیان بۆ هەوادارانمان گواستووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سوپاسی هەموو دەزگا راگەیاندنەکانی دیکەش دەکەین".