نوێترین بەرهەمی هەژار زەهاوی لە شاری ئوور وێنەگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
'Wake up Ur' دیاریی هەژار زەهاوی میوزیسیانی کوردە بۆ 2022 و بۆ یەکەمجار لەڕێگەی تۆڕی میدیایی رووداو ئەم بەرهەمە بڵاودەکاتەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە، تیزەرەکەی بڵاوکرایەوە و بڕیارە بەرهەمەکە لەڕێگەی کەناڵی زەهاوی میوزیک هاوس لە یوتیوب بڵاوبکرێتەوە.
هەژار زەهاوی بە رووداوی راگەیاند، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'Wake up Ur'یە، وەک ڤیدیۆکلیپ لە شاری ئووری مێژوویی لە عێراق وێنەگیراوە و بۆ جاری یەکەمە ڤیدیۆکلیپێک لەو شارە وێنەبگیرێت. بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 16-12-2021 بۆ جاری یەکەم لەڕێگەی رووداوەوە بڵاوبکرێتەوە کە بنار کامیل کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
زەهاوی، سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات بۆ سپۆنسەرکردنی ئەو بەرهەمە، هەروەها سوپاسی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق دەکات کە مۆڵەتی وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپەکەی بۆ وەرگرتووە و ئاسانکاری بۆ کردووە، لە هەمانکاتدا سوپاسی پارێزگاری بەسرەش دەکات بۆ ئەو ئاسانکارییەی بۆی کردووە.
ئوور شارێکی کۆنی بەنێوبانگی سۆمەرییەکان بووە، 16 کیلۆمەتر لە خوارووی شاری ناسریەیە لە عێراق و هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا بونیاتنراوە.
هەژار زەهاوی لە 4-11-2021، بە کۆنسێرتێک کە هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشداربوون، دامەزراندنی ماڵی میوزیکی زەهاوی لە هەولێر راگەیاند و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ پاڵپشتی دارایی ئەو ماڵە دەکات و رووداو سپۆنسەری کۆنسێرتەکە بوو.