شاخەوان بەکر و فەرهەنگ غەفوور مەقامی کەرکووک و هەولێر ئاوێتەی یەکدی دەکەن

هەولێر دیجیتاڵ

دوو هونەرمەندی کورد، بە دوێتێک شێوەگوتنی مەقامی ناوچەکانیان تێکەڵ بە یەکدی دەکەن و شیعرێکی 'ئەحمەدی کۆر' لە بەرهەمەکەیاندا، دەڵێنەوە.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2024) شاخەوان بەکر، هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە رووداو گوت "گۆرانی (مەکەن مەنعی عاشقان) هۆنراوەی ئەحمەد کۆر، شاعیری ناوداری کوردە کە زیاتر لە سەتەیەک پێش ئێستا نووسراوە و لە ئاوازی مامۆستا فەرهەنگ غەفوورە."
 
شاخەوان بەکر گوتی، "کاری موسیقای دوێتەکە لە تورکیا کراوە؛ دابەشکردنیشی لەلایەن سەرکان تانک، میوزیکژەنی بەتوانای باکووری کوردستان کراوە کە خەڵکی شاری ئامەدە."
 
شاخەوان کەرکووکی روونیکردەوە "لەم بەرهەمەدا، لە رووی دەنگ و مەقامەوە تێکەڵبوونێکمان دروست کردووە؛ مەقامی هەولێر و کەرکووکمان ئاوێتەی یەکدی کردووە. هیوادارین بەم بەرهەمەمان، توانیبمان بەرهەمێکی جوان بخەینە سەر خەرمانی دەوڵەمەندی هونەری کوردی. 
 
شاخەوان بەکر ئاماژەی بەوەکرد "کلیپمان بۆ بەرهەمەکە کردووە و لە کلیپەدا چەن ئەکتەرێکی بەتوانا رۆڵیان تێدا گێڕاوە. هاوکات کلیپەکەیش خۆم کاری دەرهێنانم بۆی کردووە؛ محەممەد مەرزانی کاری وێنەگرتنەکەی لە ئەستۆ گرتووە."