گارە سازکار بۆ رووداو: قوربانی دەست و چەکی پێشمەرگەی کوردستانم
رووداو – هەولێر
ئەمڕۆ لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆلکردنەوەی شنگال، بەشێک لە هونەرمەندان پەیام و پشتگیری خۆیان بۆ پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی شنگال، لە رێگەی (تۆڕی میدیایی رووداو)-ەوە نارد، گارە سازکار-ی هونەرمەندیش دەڵێت "قوربانی دەست و چەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانم".
گارە سازکار، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)-ی راگەیاند "دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەم، پیرۆزە سەرکەوتنەکان و پیرۆزە کۆنترۆلکردنەوەی شنگال، هیوادەخوازم لەکەمترین ماوەدا هێزەکانی پێشمەرگە تەواوی ئەم شارە لە دەست تیرۆرستان پاکبکەنەوەو خەڵکی شنگال بگەڕێنەوە شارەکەی خۆیان".
سازکار گوتیشی "هێزەکانی پێشمەرگە هەمیشە سەرکەوتنیان تۆمارکردووە، قوربانی دەست و چەکییان بم، پێشمەرگە هەمیشە سەربەرزەو سەری هەموو کوردیشی بەرزکردووەتەوە، دڵنیاشم لە شنگال سەرکەوتنی مێژوویی تۆماردەکەن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-ی تشرینی دووەم، هێزی پێشمەرگە بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان هێرشی کۆنترۆڵکردنەوەی شنگالی دەستپێکرد، کە لە رۆژی 3ی ئابی 2014 کەوتە دەستی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).