17ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەر شەقام لە مەریوان بەڕێوەدەچێت

12-10-2024
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چالاکییەکانی 17ـەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەر شەقامی مەریوان، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی کولتووری ئێران و بەرپرسانی پارێزگای سنە و شاری مەریوان لە پاریزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد.
 
ئەمڕۆ (شەممە 12ـی تشرینی یەکەم) یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکە بوو. عەباس ساڵحی، وەزیری کولتووری ئێران لە پەیامێکدا بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان رایگەیاند، ئەم بۆنە کولتوورییە بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی نەتەوەییە.
 
حەمید نیلی ئەحمەدئابادی، بەڕێوەبەری گشتیی هونەر لە وەزارەتی کولتووری ئێران رایگەیاند: پەیامی فێستیڤاڵی مەریوان، کە تاوەکو 16ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، پەیامی ئاشتییە.
 
فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی 170 هونەرمەندی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، ئێران، عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە سازدەکرێت.
 

لە فێستیڤاڵەکەی ئەم ساڵدا 15 گرووپ لە شانۆ جیاوازەکان، 4 گرووپ لە بەشی نیشتمانی، 5 گرووپ لە بەشی هەڵبژاردن، 4 گرووپ لە هەرێمی کوردستان، عێراق، ئەڵمانیا، ئەرمینیا و جەزائیر لە بەشی نێودەوڵەتیدا بەشدارن.
 
بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە رایانگەیاند، گرنگترین بەشی ئەم ساڵ بەشی نیشتمانی بووە، کە 11 بەرهەمی تێدایە و بابەتی گەشتیاری و ئابووری تێدا تاوتوێ کرا.
 
شانۆنامەکانی ئەم ساڵ لە 4 شوێنی جیاواز لە دەریاچەی زرێبار، پارکی میللەت، پارکی شانۆ و گۆڕەپانی ئیمام حوسێن و گوندی بەردەڕەش نمایش دەکرێن.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەر شەقامی مەریوان، فێستیڤاڵێکی تایبەت بە شانۆیە، کە ساڵانە لە شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت، یەکەمین خولی لە 21-12-2005 سازکرا و تائێستا 16 خولی فێستیڤاڵەکە سازکراون.
 

لە فێستیڤاڵەکەدا گرووپەکانی شانۆ لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار دەبن و لە چەندین بەشی وەک پێشبڕکێ، شانۆی نێودەوڵەتی و شانۆی نەتەوەکان، شانۆ سەرکەوتووەکان خەڵات دەکرێن. هۆکاری ناولێنانی فێستیڤاڵەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە شانۆ بەشدارەکان لەسەر شەقامەکانی شاری مەریوان نمایش دەکرێن.
 
لە ساڵی 2020 بەهۆی پەتای کۆرۆنا و لە ساڵی 2022ـش بەهۆی تەرخاننەکردنی بودجە، فێستیڤاڵەکە سازنەکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە