گیتا کوردپوور بە کارە هونەرییەکانی دیوارەکانی بەرلینی رازاندووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە بەرلین نەریتێکی ساڵانەی هونەری هەیە، ئەویش فێستیڤاڵی تایبەت بە تیشکە، کاری هونەریی باڵا و جوان بە تیشکی رەنگاورەنگ لەسەر دیوار و شوێنە دیارەکانی شارەکە نمایش دەکرێن. 
 
رەنگە خۆش بێ بزانن ئەمساڵ یەکێک لەو هونەرمەندانەی یەکجار زۆر بایەخی پێدراوە و لە سەرتاسەری بەرلین خەڵک کارە هونەرییەکانی دەبینن، گیتا کوردپوورە. هونەرمەندێک کە کارەکانی جیاوازن لەوانەی رۆژانە دەیانبینین. 
 
گیتا کوردپوورم، بە رووداوی راگەیاند، لە بەرلین گەورەبووە و کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە و کاری هونەری دەکات، دەتوانن کارەکانی لە دیواری باڵەخانە بەرزەکانی بەرلیندا ببینن.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "سەرەتا لەسەر کاخەز کارەکانم دەستپێکرد و ئارەزوویەکی زۆرم بۆ وینەکێشان هەبوو، ئینجا دەستم بە وێنەکێشان کرد لەسەر تابلۆ، دواتر کارەکانم فراوانکرد و توانیم وێنە لەسەر دیوارەکان بکێشم، ئەمەش کاتێک دروستبوو، کە پێیان گوتم دەتوانیت وێنە لەسەر دیوار بکێشی، منیش ئەو سەرکێشییەم کرد و چوومە بەردەم دیوارێک، سەیرم کرد 25 مەتر بەرزە و هەشت نهۆم بوو، بەڵام نەترسام بەهۆی ئەو ئازایەتییەی دایک و باوکم پێیان دابووم کە لە هیچ کارێک نەترسم و باوەڕ و ئومێدم بەخۆم هەبێت و توانیم لە ماوەی یەک هەفتەدا کارەکە تەواو بکەم و خەڵکیش پێی سەیربوو، بۆ منیش جێگەی سەرسوڕمان بوو، ئێستا هەشت دیواری بەرزی بەرلین وێنەم لەسەر کێشاون و دەتوانن کارەکانم ببینن".
 
گیتا کوردپوورم، گوتیشی: "ئەم ساڵ فیستیڤاڵی 25ـەمین لە بەرلین دەکرێت و ناوی فێستیڤاڵی ئازادی و ئاشتییە، منیش تابلۆی ئەمساڵم بۆ ئازادی کێشا، بەڵای منەوە سەرەتا دەبێت ئازادی لە خۆماندا ببینین، هەروەها چۆنی دەبینین و بە واتایەکی دیکە ئایە هونەرمەند چۆن ئازادی دەبینێت؟ بەدیدی خۆم ئازادی لە دەروونماندا دەستپێدەکات و دەکرێت ئازادی فیکر و هزر بێت، دەکرێ ئازادی ئەوە بێت ژنەکانی وڵاتێک ئازاد بن و یان تاکەکانی وڵاتێک ئازاد بن، بەهەر حاڵ ئایە ئازادی لە کوێیەوە دەستپێدەکات؟ بەڕای من لە دەروونماندا دەستپێدەکات و بتوانین بە ئازادی لەگەڵ خەڵک قسە بکەین و بە ئاشتی بدوێین".
 
روونیشیکردەوە، بەشانازییەوە بۆ سێیەم ساڵە کارەکانی لەو فێستیڤاڵەدا نمایش دەکات و کارە هونەرییەکانی لە دیوارەکانی باڵەخانە بەرزەکانی بەرلیندا نیشان دەدات.
 
كچە کوردێکی ئامادەبوو لە فێستیڤاڵەکە، لەبارەی بەشداری هونەرمەندێکی کورد تێیدا، گوتی: "ئەم فێسیڤاڵەی بەرلین زۆر خۆش و جوانە و کاتێک زانیم کچێکی کورد ئەو تابلۆیانەی لەسەر دیوارە بەرزەکانی بەرلین کێشاوە زۆر پێی دڵخۆش بووم، بەهەموو هاورێیە ئەڵمانییەکانم گوت کە ئەمە کاری کچێکی کوردە".
 
گیتا کوردپوور، هەروەها گوتی: "کاتێک دێمە ئێرە هەستێکی زۆر گەورە و خۆشم هەیە و کاتێک کارەکانم لەسەر دیوارەکانی بەرلین دەبینم، هەروەها لەسەر زەوی مەیدانەکە دەبینم، دەبینم ئەو خەڵکەی دێنە ئێرە بە چ لەزەت و تامێکەوە خۆشی لە بینینی ئەو دیمەنانە وەردەگرن، وێنەی خۆیان لەگەڵ دەگرن، بۆ منیش وەک هوەرمەندێک خۆشی دەبینم، ئومێدەوارم لەو ئازادییەی هەمانە چێژی زیاتری وەربگرین".