تایلەر سویفت گرنگترین خەڵاتی ئێم تیڤی بۆ ڤیدیۆکلیپ بەدەستدێنێت


رووداو دیجیتاڵ

خەڵاتەکانی ئێم تی ڤی بۆ ڤیدیۆکلیپ دابەشکران و تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی ئەمریکی خەڵاتی باشترین ڤیدیۆکلیپی ساڵی لە رێگەی بەرهەمی "Fortnight" بەدەستهێنا.
 
سویفت، لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە سوپاسی خۆشەویستەکەی ترافیس کرد کە لە شوێنی وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپەکە لەگەڵیدا بووە.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 11ـی ئەیلوولی 2024 تایلەر سویفت، پاڵپشتی خۆی بۆ کامالا هاریس پێشاندا و رایگەیاند، ئەو دەنگ بە هاریس دەدات، بەڵام لە گوتارەکەیدا لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی ئێم تی ڤی، هیچ ئاماژەیەکی بەو مژارە نەدا.
 
گۆرانیی "Fortnight" بەشێوەی دوێت لەگەڵ پۆست مەلۆن گوتراوە و توانی خەڵاتی باشترین کاری هاوبەشیش وەربگرێت.
 
سویفت، لە کاتی خەڵاتکردنی، یادی قوربانیانی رووداوی 11 سێپتەمبەر لە ئەمریکا کردەوە.
 

سابرینا کارپێنتەر، گۆرانیبێژی ئەمریکی، خەڵاتی باشترین گۆرانیی لە رێگەی گۆرانیی "Espresso" وەرگرت. لە رێوڕەسمەکەدا سێ بەرهەمی پێشکێشکرد، ئەویش "Please Please Please"، "Taste" و "Espresso" بوو.
 
کەیدی پێری، گۆرانیبێژی ئەمریکی، هەڵبژاردیەک لە بەرناوبانگترین هەشت گۆرانیی پێشکێشکرد و خەڵاتی "Video Vanguard"ـی بەدەستهێنا و نوێترین گۆرانیی بەناوی "I’m His, He’s Mine" پێشکێشکرد.
 

جگە لە پێری، پێشتر شاکیرا، بیۆنسێ، نیکی میناج، مادۆنا، جانێت جاکسن، جێنیفەر لۆپێز و ریانا ئەو خەڵاتەیان بەدەستهێناوە.
 

ئانیتا، گۆرانیبێژی بەڕازیلی، خەڵاتی باشترین گۆرانیی لاتینیی بەدەستهێنا و گۆرانی "Paradise"، "Alegria" و"Savage Funk"ـی پێشکێشکرد.

 

رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئێم تیڤی تایبەت بە بەرهەمەکانی ڤیدیۆکلیپ، بەربەیانی ئەمڕۆ  پێنجشەممە 12ـی ئەیلوولی 2024 لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.
 

تایلەر سویفت، بەربژێری 12 خەڵات بوو، هەشتیان بۆ ڤیدیۆکلیپی "Fortnight" بوو.
 
سویفت ساڵی رابردوو نۆ خەڵاتی ئێم تیڤی بۆ ڤیدیۆکلیپ بەدەستهێنا و کۆی گشتیی خەڵاتەکانی لە ئێم تیڤی وەریگرتوون، 23 خەڵاتە، بەمەش لە دوای بیۆنسێ دێت کە براوەی 30 لەو خەڵاتەیە، لە دوای ئەوانیش مادۆنا بە 20 خەڵات و لەیدی گاگا بە 19 خەڵات دێت.
 

لەلایەکی دیکەوە، سویفت، هەمان ریکۆردی بیۆنسێ، گۆرانیبیژی ئەمریکی تۆمارکرد و بووە خاوەنی پێنجین خەڵاتی باشترین ڤیدیۆکلیپی ساڵ.