ماڵباتەکەی دەڵێن تەرمی هونەرمەند بەیتۆجان لە سوێد بەخاک دەسپێردرێت

12-09-2023
هیدایەت جان
 هونەرمەندی کورد بەیتۆجان
هونەرمەندی کورد بەیتۆجان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ماڵباتی هونەرمەندی کورد بەیتۆجان دەڵێن، لەسەر وەسیەتی خۆی، تەرمی ئەو هونەرمەندە لە سوێد بەخاک دەسپێردرێت و دوو پرسەی لە ستۆکهۆڵم و ئامەد بۆ دادەنرێت.
 
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئەیلوول، هونەرمەندی ناسراوی کورد، بەیتۆجان دوای زیاتر لە چوار ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، کۆچی دواییکرد. برایەکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەرمەکەی ناگوازنەوە بۆ ئامەد و لە ستۆکهۆڵم بەخاکی دەسپێرن.
 
ئادارجان، برای هونەرمەندی کۆجکردوو بەیتۆجان میوانی بوولتەنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هێڤیدار زانا پێشکێشی دەکات، گوتی: "ماوەی هەفتەیەک بوو تەندروستیی بەیتۆجان زۆر خراپ بوو، تەنانەت نەیدەتوانی قسەشمان لەگەڵ بکات". دەشڵێت، "نەخۆشییەکی بەکتریایی جیاواز چوو بووە لەشییەوە و کاری لەسەر چاو و زمانی کردبوو و زۆری ئازاری دەدا. لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا بە یەکجاری چاوەکانی لەکار کەوتبوون و قسەی بۆ نەدەکرا".
 
برای هونەرمەند بەیتۆجان لەبارەی شوێنی بەخاکسپاردنی گوتی، "بەیتۆجان حەزی دەکرد لە سوێد بەخاک سپێردرێت لەبەرئەوەی ماڵباتەکەشی هەموو لە سوێدن و ئێمەش لەسەر وەسیەتی خۆی هەر لە ستۆکهۆڵم بەخاکی دەسپێرین". لەبارەی بەڕێوەچوونی پرسەکەشی، بە گوتەی ئادارجان؛ دوو پرسەی بۆ دادەنێن، یەکێکیان لە ستۆکهۆڵم و پرسەکەی دیکەش لە ئامەد.
 
بەیتوڵڵا گونەری، ناسراو بە بەیتۆجان لە ساڵی 1955 لە قەزای فارقینی سەر بە پارێزگای ئامەد لەدایکبووە و لە تەمەنی 8 ساڵییەوە خێزانەکەیان چوونەتە شاری ئامەد و لەوێ نیشتەجێ بوون.
 
 
بەیتۆجان لەدوای کودەتای سەربازیی 12ـی ئەیلوولی ساڵی 1980 لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەستبەسەر دەکرێت و سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت، بەڵام دوای شەش ساڵ و نیو لە زیندانیکردنی، ئازاد دەکرێت. دوای ئازادبوونی لە زیندان، لە ئامەدەوە بەرەو ئەستەنبووڵ کۆچ دەکات.
 
وەکو ئادارجان ئاماژەی پێدەدات، "بەیتۆجان لەکاتی نەخۆشییەکەیدا دەیگوت ئەگەر بکەومەوە سەرپێ حەز دەکەم بڕۆمەوە کوردستان و لەوێ بژیم، ئاواتی بوو بەر لە مردنی کوردستانێکی ئازاد ببینێت و بەردەوام دەیگوت، ئەگەر منیش ئەو رۆژە نەبینم، گەلی من دەیبینێت و دەشیگوت، 'ئەگەر کورد یەکتریان خۆشنەوێت و پشتیوانی یەکتر نەکەن، سەرناکەون'."
 
بەیتۆجان بە گۆرانییەکانی "ئاگر کەتیە دلێ من" و "دیاربەکر مالا من" ناوبانگی پەیداکرد، خاوەنی چوار ئەلبوومی گۆرانییە بە ناوەکانی، "یان مرن یان دیاربەکر"، "تە نادەن من"، "21ـی ئادار" و "ئەتونا دلێ من".
 
هونەرمەند بەیتۆجان یەکەم ئەلبوومی بەناوی "یان مرن یان دیاربەکر" لە ساڵی 1990 بڵاوکردەوە و ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەی بەرەو ئەوروپا کۆچیکرد و لە سوێد نیشتەجێبوو، دوای 23 ساڵ و لە ساڵی 2014 سەردانی ئامەدی کردەوە و کۆنسێرتێکی لە زێدی خۆی سازکرد.
 
دوای چوار ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، بەیتۆجان لە شاری ستۆکهۆڵم و دوور لە زێدی خۆی کۆچی دواییکرد.
 
رۆژی 18ـی حوزەیرانی 2021 هونەرمەند بەیتۆجان لە دیاسپۆرا میوانی بەرنامەیەکی رووداو بوو و باسی لە ژیان و کاری هونەری و نەهامەتییەکانی کرد. بەیتۆجان ئەوکات گوتی، دەمەوێت لەدوای نەخۆشی بچمە هەرێمی کوردستان و لەوێ بژیم چونکە "ئەوێ شوێنی منە". هەر ئەوکات بە چاوی پڕ فرمێسکەوە گوتی: "دەبێت شەڕی براکوژیی کورد قەدەخە بکرێت." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە