ئایکۆنی زێڕین دەبەخشرێتە کەیت وێنسلێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن کەیت وێنسلێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی زیوریخ، خەڵاتی ئایکۆنی زێڕین دەبەخشرێتە کەیت وێنسلێت، ئەکتەری بەریتانی، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمەکانی لە بواری سینەمادا.
 
خەڵاتەکە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی فیلمی زیوریخ دەبەخشرێتە ئەو ئەکتەرە تەمەن 48 ساڵە کە چالاکییەکانی لە 3 تاوەکو 13ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە زیوریخی سویسرا سازدەکرێت.
 
لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە نوێترین فیلمی ئەو ئەکتەرە بەناوی "Lee" لە 13ـی ئەیلوولی داهاتوو لە سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت. فیلمەکە ناوەڕۆکێکی بایۆگرافی هەیە و تیشک دخاتە سەر ژیان و هونەری لی میلەر، فۆتۆگرافەری ئەمریکی لە سەدەی بیستەم.
 
لە فیلمەکەدا کەیت وێنسلێت رۆڵی لی میلەر دەگێڕێت و باس لەو مەترسیانە دەکات کە ژنە فۆتۆگرافەرێکی رۆژنامەوانی لە کاتی رووماڵی جەنگی جیهانیی دووەم رووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها ئەو جیاکارییە رەگەزییەی لەو کاتەدا هەبووە. ئەو ئەستێرە هۆلیوودییە وەک بەرهەمهێنەریش لە فیلمەکەدا بەشدارە.
 

کەیت وێنسلێت لە 1975 لە بەریتانیا لەدایکبووە، لە رێگەی فیلمی سینەمایی "تایتانیک" ناوبانگی پەیداکرد و بووە ناوێکی درەوشاوە لە سینەمای هۆلیوود و جیهاندا. تا ئێستا لە چەندین فیلمی سینەماییدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
 

ئەو ئەکتەرە توانی ریکۆرد تۆمار بکات وەک بچووکترین ئەکتەر کە پێنج جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێر کرابێت، جگە لە فیلم، لە چەندین زنجیرەی تەلەڤزیۆنیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و وەک گۆرانیبێژێک چەند بەرهەمێکی بڵاوکردووەتەوە.
 
کەیت وێنسلێت، زیاتر بەوە ناسراوە کە رۆڵی ژنە ئاڵۆزەکانی لە فیلمە سەربەخۆکاندا گێڕاوە، بەتایبەتیش لە دراما مێژووییەکاندا.
 
جگە لە خەڵاتێکی ئۆسکار، خەڵاتێکی گرامی، دوو خەڵاتی ئێمی پرایم تایم، پێنج خەڵاتی بافتا و پێنج خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بەدەستهێناوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە