داهاتی 'Deadpool & Wolverine' یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'Deadpool & Wolverine'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

"Deadpool & Wolverine" بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Deadpool"، سێ هەفتەیە لە ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمی پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا دێت و داهاتی ئەم هەفتەیەی 54 ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە، داهاتی لەسەر ئاستی سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند.
 
فیلمی رۆمانسی "It Ends With Us" بە کۆکردنەوەی 50 ملیۆن دۆلار لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکاندا، لە ریزبەندی دووەمی لیستەکەدا هات و ململانێی لەگەڵ "Deadpool & Wolverine"ـدا دەکرد.
 

فیلمی "Twisters" لە چوارەمین هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 15 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا و لە ریزبەندی سێیەمدا هات، کۆی داهاتی لە ماوەی چوار هەفتەدا، 222 ملیۆن دۆلارە.
 

داهاتی یەکەم هەفتەی فیلمی "Borderlands" بۆ بەرهەمهێنەرانی دڵخۆشکەر نەبوو، چونکە تەنیا هەشت ملیۆن و 800 هەزار دۆلار بوو و لە ریزبەەندی چوارەمدا هات، لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی 120 ملیۆن دۆلارە.
 
لە ئاستی جیهاندا، داهاتی فیلمی "Deadpool & Wolverine" یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند، بەمەش بووە دووەم فیلم لە ماوەی سێ هەفتەدا ئەو داهاتە زۆر بەدەستبێنێت، لە جۆری ئەو فیلمانەی کە بۆ کەسانی سەرووی تەمەنی 17 ساڵییە و لەم رووەوە فیلمی "Joker" لە ریزبەندی یەکەمدایە.
 
بەشی نوێی زنجیرە فیلمەکە لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 205 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا، بەمەش توانی ژمارەی پێوانەیی بەشی یەکەمی بشکێنێت لە بەدەستهێنانی زۆرترین داهات بۆ فیلمێک لە پۆلی "ئاڕ".
 
پێشتر فیلمی "Deadpool" توانی لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی 132 ملیۆن دۆلار لە پۆلی فیلمەکانی "ئاڕ" بەدەستبێنێت، بەشی نوێی بەهۆی ئەو داهاتە زۆرەوە، ناوی چووەتە نێو لیستی 10 لەو فیلمانەی زۆرترین داهاتیان لە یەکەم هەفتەدا بەدەستهێناوە.
 
"ئاڕ" ریزبەندییەکە بۆ فیلم و دیاریکردنی تەمەنی بینەر، لە ئەمریکا ئەو بینەرانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەرووی 17 ساڵیدایە، پێویستە ئەو بینەرە دایک و باوکی یاخود بەخێوکەری لەگەڵیدا بێت بۆ بینینی ئەو جۆرە فیلمە، لە بەریتانیا بۆ ئەو بینەرانەیە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر نییە، لە خوار ئەو تەمەنەدا ئەگەر دایک و باوکیشیان لەگەڵ بێت، رێگەیان پێنادرێت فیلمەکە لە سینەما ببینن.
 

بەم دواییە لە نیویۆرکی ئەمریکا، پێشاندانی تایبەتی فیلمی "Deadpool & Wolverine" بەڕێوەچوو. لەم بەرهەمەدا رایان رێنۆڵدز و هیو جاکمەن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 
داهاتی بەشی دووەمی "Deadpool" لە سینەماکانی جیهاندا 785 ملیۆن و 896 هەزار دۆلاری ئەمریکییە، بودجەی بەرهەمهێنانی 110 ملیۆن دۆلارە، واتە حەوت هێندەی بودجەکەی داهاتی بەدەستهێناوە.
 

فیلمەکە لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و ئەکشنەکانە، باس لە کارکتەری دیدپۆڵ دەکات کە خاوەن هێزێکی لە رادەبەدەرە، جگە ئاکشن، کۆمێدیایەکی جیاوازیش لەخۆدەگرێت.
 
سیناریۆی فیلمەکە بە جۆرێک ئامادە کراوە کە رووداوەکانی بەر لە مردنی کارەکتەری وۆلڤرینە و ئەو ئەکتەرە لەگەڵ کارەکتەری دێدپۆڵ بە یەک دەگەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە