فیلمی 'Barbie' لە لوبنان و کوێت قەدەخە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لوبنان و کوێت، پێشاندانی فیلمی 'Barbie' بەهۆی مژاری هاورەگەزخوازی و گۆڕینی رەگەزەوە، لە سینەماکانی وڵاتەکەیان قەدەخە دەکەن.
کوێت جگە لەم بەرهەمە سینەماییە فیلمی 'Talk To Me'ـیشی قەدەخەکردووە و هۆکارەکەی بۆ نەگونجانی ناوەڕۆکی لەگەڵ داب و نەریت و سیستەمی گشتی گەڕاندووەتەوە، لە کاتێکدا ئەم بەرهەمە ترسناکە ئێستا لە سینەماکانی ئیمارات و سعودییە پێشاندەدرێت.
فیلمی 'Barbie' هەرچەند لە بەشێک لە وڵاتان قەدەخەکراوە و لە بەشێک لە وڵاتانی دیکەش پێشاندانی دواخراوە، بەڵام داهاتی لە کەمتر لە یەک مانگدا؛ گەیشتووەتە سەرووی یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی.
ئەم بەرهەمە سینەماییە ئێستا لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت و داهاتی یەک ملیار و 66 ملیۆن دۆلارە، لەو داهاتە تەنیا لە ئەمریکای باکوور 492 ملیۆن و 608 هەزار دۆلار بەدەستهێناوە و داهاتی لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا 574 ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە.
فیلمی 'Barbie' لە 21 تەممووزی رابردوو لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور بڵاوکرایەوە و داهاتی یەکەم رۆژی 70 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بوو.
رەخنەگران، ئەم بەرهەمە سینەماییە بە فیلمێکی زۆر کۆمیدی، سەرسوڕهێنەر و زیرەک ناساندووە.