خەڵاتەکانی تۆنی بۆ بەرهەمە شانۆییەکان دابەشکران

رووداو دیجیتاڵ

76مین خەڵاتی ساڵانەی تۆنی بۆ بەرهەمە شانۆییەکان لە شانۆی یونایتد پاڵاس لە نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو و ناوی براوەکانی ئەمساڵ ئاشکرا کران و خەڵاتیان پێبەخشرا.
 
شەوی رابردوو 11ـی حوزەیرانی 2023، ئاریانا دیبۆس، ئەکتەری براوەی خەڵاتی ئۆسکار، پێشکێشکاری رێوڕەسمەکە بوو و بەرهەمە شانۆییەکانی لە 29ـی نیسانی 2022 تاوەکو 27ـی نیسانی 2023 بڵاوکراونەتەوە، لە پێشبڕکێدابوون.
 
شانۆیی ' Kimberly Akimbo' خەڵاتی باشترین بەرهەمی میوزیکاڵی و شانۆیی 'Leopoldstadt' خەڵاتی باشترین بەرهەمی شانۆیی بەدەستهێنا. 
 
سیان هایز، خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە رێگەی شانۆیی ' Good Night، Oscar' و جودی کۆمەر، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی لە رێگەی شانۆیی 'Prima Facie' بەدەستهێنا. 
 
ڤیکتۆریا کلارک، وەک باشترین ئەکتەری ژن لە شانۆیی میوزیکیدا لە شانۆیی ' Kimberly Akimbo' و هاریسن جەی، وەک باشترین ئەکتەری پیاو لەو بوارەدا لە رێگەی شانۆیی 'Some Like It Hot' هەڵبژێردرا.
 
پاتریک ماربەر، شانۆڤانی بەریتانی، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە رێگەی شانۆیی 'Leopoldstadt' بەدەستهێنا و مایکڵ ئاردن، لە رێگەی شانۆیی 'Parade' خەڵاتی باشترین دەرهێنەری میوزیکاڵی بەدەستهێنا.
 
ناوی خەڵاتی تۆنی بۆ ئەنتۆنیەت پێری، ئەکتەر، دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر شانۆی ئەمریکی دەگەڕێتەوە، خەڵاتەکە یەکەمجار بە فەرمی لە 1947 دابەشکرا و بە گرنگترین خەڵاتی شانۆیی لە جیهاندا دەناسرێت.