مانگی داهاتوو جۆنی دێپ ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جۆنی دێپ، ئەکتەر و ژەنیاری گیتاری ئەمریکی، بڕیارە لە 15-6-2022، ئەلبوومێکی گۆرانی بەهاوکاری لەگەڵ جێف باک، ژەنیاری گیتاری بەریتانی بڵاوبکاتەوە.
ئەم بەرهەمە بەناوی '18'یە و لە 13 تراکی گۆرانی پێکهاتووە، دێپ لەبارەی ئەم بەرهەمەوە رایگەیاند، بۆ ئەو شانازییەکی گەورەیە کار لەگەڵ جیێف بکات، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بۆ ئەو شانازییە بە جێف بڵێت برا.
جێف باک، لەبارەی کارکردن لەگەڵ دێپ رایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە هاوبەشێکی داهێنەری وەک دێپی نەبووە و بە هێزێکی سەرەکی لەم بەرهەمەدا دەیناسێنێت.
هیوای ئەوەشی خواست، خەڵک ئەم بەرهەمە بە گرنگ وەربگرن، رەنگە بۆ هەندێ کەس قوڕس بێت جۆنی دێپ وەک گۆرانیبێژی رۆک ئاند رۆڵ سەیر بکەن.
ئەو ئەکتەرە لە کۆنسێرتی جێف باک، ژەنیاری گیتاری بەریتانی ئامادەبوو کە لە 31-5-2022 لە هۆڵی رۆیال ئالبێرت بەڕێوەچوو، دێپ لەسەر شانۆ دەرکەوت و لەگەڵ باک میوزیکی ژەنی و گۆرانی پێشکێشکرد، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لەلایەن ئامادەبووانی دیدارە میوزیکییەکە هەبوو.
ئەمە دووەم دەرکەوتنی ئەو دوو هونەرمەندەیە لەسەر شانۆ، لە دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە شەفێڵد لە بەریتانیا پێکەوە بینران.
دێپ، بۆ ماوەی 40 خولەک گۆرانی و میوزیکی پێشکێشکرد و یەکێک لەو بەرهەمانەی پێشکێشی کرد، گۆرانیی 'Isolation'ـی جۆن لینۆن بوو.
باک، سەرقاڵی گەشتێکی هونەرییە لە بەریتانیا، بەڵام دیار نییە دێپ لە ماوەی داهاتوودا لە کۆنسێرتی دیکەی ئەو گەشتەدا دەردەکەوێت یاخود نا.
لە دوای جیابوونەوەی جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی و ئێمبەر هێرد، رێکەوتنێک کرا بۆ ئەوەی دێپ بڕی حەوت ملیۆن دۆلاری ئەمریکی ببەخشێتە هێرد و بەبێ کێشە جیاببنەوە، بە مەرجێک هێرد ئەو بڕە پارەیە بۆ کاری خێرخوازی ببەخشێت.
لە 2018 ئەو ئەکتەرە لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنی 'RTL Late Night' رایگەیاند، حەوت ملیۆن دۆلارەکەی بەخشیوەتە رێکخراوی 'ACLU' و نەخۆشخانەی منداڵان لە لۆس ئەنجلس.
لە 2020 هێرد، لە بەرامبەر دادوەر لە دادگەیەکی بەریتانیا سوێندی خوارد کە ئەو بڕە پارەیەی بەخشیوە.
لە دانیشتی دادگە لەبارەی کێشەی نێوان ئەو دوو هونەرمەندە لە 16-5-2022 بەڕێوەچوو، ئێمبەر هێرد رایگەیاند، نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیە ببەخشێت، چونکە دێپ داوایەکی لە دژی ئەو ئاڕاستەی دادگە کردبوو و داوای 50 ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبوو لەو کردبوو.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەیەوێت هەموو پابەندییەکان جێبەجێ بکات، بەڵام دەبێت دێپ واز سکاڵاکردن لە دژی بهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو کارە بکات.
تێرنس دۆگێرتی، سەرۆکی رێکخراوی 'ACLU' رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەنیا بڕی 1.3 ملیۆن دۆلار لەلایەن هێرد بە رێکخراوەکەیان بەخشراوە.
جۆنی دێپ، پێشتر داوای 50 ملیۆن دۆلار قەرەبووی کردبوو، لە دوای ئەوەی هێرد وتارێکی بڵاوکردبووەوە و خۆی بە قوربانی تووندوتیژی خێزانی ناساندبوو، بەڵام ئاماژەی بەناوی دێپ نەکردبوو، دێپیش لەو داواکارییەدا لە دادگە سەرکەوتوو نەبوو.
لە نێوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵ، لە دادگەی فێرجینیای ئەمریکا، دێپ و هێرد ئامادەبوون، لە دوای ئەوەی هێرد داوای 100 ملیۆن دۆلار قەرەبووی لە دێپ کردووە، دێپیش لەلای خۆیەوە داوای 50 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەهۆی ناوزڕاندنیەوە کردبوو.
هێرد، پێشتر تۆمەتی دەستدرێژی و توندوتیژی خستەبوو پاڵ دێپ، بەڵام دێپ بە بەردەوامی ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو لە ژیانیدا تەندوتیژی بەرامبەر بە هیچ ئافرەتێک نەکردووە، لە بەرامبەردا، ئەو هەمان تۆمەتی خستووتە پاڵ هێرد.
کریس رۆک، ئەکتەری کۆمێدی بەم دواییە هێرشی کرد سەر ئەمبێر هێرد و رایگەیاند، بڕوا بە هەموو ژنێک بکەن، تەنیا ئەمبێر هێرد نەبێت.
رۆک، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هێرد پێشتر دانی بەوە ناوە لە شوێنی خەوتنی لەگەڵ دێپ، پیسایی بە خۆیدا کردووە.
لە 28-4-2022 ستارلینگ جێنگینز، شوفێری پێشووی دێپ لە دادگە ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، لە دوای شەرێک لە نێوان ئێمبەر هێرد و جۆنی دێپ، هێرد بەوی راگەیاند، سوپرایزێکی بۆ دێپ لە شوێنی خەوتنی جێهێشتووە، دواتر دەرکەوت ئەو سوپرایزە پیسایی خۆی بووە.
بەم دواییە ئیڤا گرین، ئەکتەری فەرەنسی، پشتگیری لە جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی کرد و لە
پۆستێکی لە هەژماری تایبەتی لە ئینستگرام بڵاوکردووەتەوە و جگە لە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی و دێپ، بە بڕوای ئەو، لە دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنی دادگە لە دادگەی ڤێرجینیا، ژیانی ئەکتەری سەرەکی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Pirates of the Caribbean' باشتر دەبێت.
لە پۆستەکەی گریندا هاتووە، هیچ گومانێک نییە جۆنی بە ناوە باشەکەی و دڵە نایابەکەیەوە دێتە دەرەوە و ژیانی لە جاران باشتر دەبێت بۆ خۆی و ماڵباتەکەی.
کامیل ڤاسکێز، پارێزەری جۆنی دێپ، پێگەی ئەو ئەکتەرەی لە دادگە لە دژی ئێمبەر هێرد بەهێزتر کردبوو و چەند جارێک هێردی خستە دۆخێکی سەخت و دێپی لەو دۆسیە سەرخت.
ئەو پارێزەرە لە دانیشتی دادگە بە ئاڕاستەکردنی چەند پرسیارێک لە ئێمبەر هێرد، ئەکتەری سینەمایی و هاوژینی پێشووی دێپ، توانی بیخاتە دۆخێکی لاوازاوە، لەبەرامبەردا پێگەی دێپ بەهێزتر بکات.
ئەو پارێزەرە کاتێک لە هێردی پرسی، هەستی بەوە کردووە دێپ لە دانیشتنی دادگە سەیری چاوەکانی کردبێت، لە بەرامبەردا هیرد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هەستی پێنەکردووە.
ڤاسکێز، لە وەڵامدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هۆکارەکەی ئەوەیە، دێپ بەڵێنی پێدابوو چاوەکانی نەبینێتەوە، هەروەها تۆمارێکی لە دانیشتنی دادگە خستەڕوو، تێیدا هێرد بۆ ماڵئاواییکردن لە دێپ دەپاڕێتەوە باوەشی پێدا بکات، بەڵام ئەو رازی نابێت و پێی دەڵێت، لە ئەمڕۆوە جارێکی دیکە چاوەکانی نابینێتەوە، پارێزەرەکەی دەڵێت، بەمە دێپ تاوەکو ئێستا خاوەن بەڵێنی خۆی بووە.
ئەو پارێزەرە بە لێهاتوویی خۆی، بە وردی لە زانیارییەکان دەکۆڵێتەوە و ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێرد ئەو حەوت ملیۆن دۆلارەی بڕیاربوو بیبەخشێت، تاوەکو ئێستا بەشێکی کەمی بەخشیوە، لە کاتێکدا پێشتر لە دانیشتنیکی دادگە لە بەریتانیا و لە میدیاکاندا ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، ئەو تەواوی پارەکەی بەخشیوە، ئەمەش شکستێکی دیکەی هێرد بوو و لە دادگە رووبەڕووی کرایەوە.
لە بەرامبەردا هێرد، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەهۆی داواکاری دێپ بۆ قەرەبووکردنەوەی بە 50 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیە ببەخشێت.
ئێمبەر هێرد، پێشتر رایگەیاندبوو، دێپ هێرشی کردووەتە سەری و رووخساری شێواندووە، بەڵام پارێزەرە چەند وێنەیەکی هێردی خستەڕوو کە لە دوای ئەو لێدوانەی بڵاوبوونەوەتەوە و هیچ ئاسەوارێکی لێدان و برین بە رووخساریەوە دیار نییە.
هەموو ئەمانە وایکردووە هێرد بکەوێتە پێگەیەکی لاواز و پێگەی دێپیش لە دادگە بەهێزتر بێت و دواتر ببێتە براوە.
لە دوای شەش هەفتە دانیشتنی دادگە، بڕیاردرا بەهۆی ناوزڕادنەوە، ئێمبەر هێرد بڕی 15 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بە دێپ بدات و لە بەرامبەریشدا دێپ دوو ملیۆن دۆلار بە هەمان تاوان، بە هێرد بدات.
دوای دەرچوونی بڕیاری دادگە، دێپ رایگەیاند "دادوەرەکان ژیانیان بۆ گەڕاندمەوە." بەڵام ئێمبەر هێرد بڕیارەکەی بە "بێهیواکەر و نسکۆ" بۆ ژنان ناوبرد.
هێرد لەبارەی بڕیاری دادگە رایگەیاند "ئەو بێهوابوونەی هەستی پێدەکەم نایێتە زمان، دڵم شکاوە چونکە ئەو بەڵگانەی بە قەد شاخێک بوون بەس نەبوون بۆ وەستانەوە دژی هێز، هەژموون و کاریگەریی بێبەرامبەری هاوژینی پێشووم."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو "تەنانەت زیاتر بێهیوام لە بەرامبەر ئەو واتایەی ئەم بڕیارە بۆ ژنانی دیکە هەیەتی. ئەمە نسکۆیە. پاشەکشە بەو بیرۆکە دەکات کە تووندوتیژیی دژی ژنان بە جیددی وەردەگیرێت."
بە گوێرەی راپرسیێک لەلایەن واشنتن پۆست و ئەی بی سی نیوز، دۆسییەی جۆنی دێپ و ئێمبەر هێرد زیاتر لە شەڕی ئۆکراینا هەست و سۆزی ئەمریکییەکانی جوڵاندووە.
دەیان کەس لە بەردەم دادگەی ئەمریکا ئامادەبوون کاتێک دادوەر لە بەرژەوەندیی جۆنی دێپ بڕیاریدا، بەڵام لایەنگرانی هێرد بە پەنجەی دەست دەژمێردران.
جیا ئاندریانی، دانیشتووی ڤێرجینیا دەڵێت "هەستێکی خۆشە، زۆر خۆشحاڵم یاسا سەروەر بوو. ئەو نەک تەنیا توانیی ناوی خۆی پاکبکاتەوە و راستی بخاتەڕوو، بەڵکو وایکرد ئەو خاتوونە باجی درۆ و شێواندن و هەڵسوکەوتی خۆپەرستانە بدات."
سیدنی پۆرتەر، دانیشتووی ماریلاند دەڵێت "پێموابوو گرنگە بێمە ئێرە، چونکە ئەو خاتوونە کەسێک نەبوو لەوێ پاڵپشتی لێبکات. من تەنیا کەس بووم. پێموایە ئەو کەیسە گرنگی ئەوەی هەبوو باوەڕ بە ژنان و چیرۆکی دەستدرێژیی سێکسییان بکەین".
ئەو دوو ئەکتەرە سینەماییە لە 2009 لە فیلمی سینەمایی 'The Rum Diary' یەکدیان ناسی و لەم بەرهەمەدا رۆڵی گێڕاوە، لە 2015 ژیانی هاوژینیان پێکهێنا و لە 2017 جیابوونەوە.
جۆنی دێپ، لە 9-7-1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
یەکەم دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لەرێگەی فیلمی 'Elm Street' بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی '21 Jump Street' رۆڵی گێراوە و لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.
لە نەوەدەکاندا زیاتر لە فیلمە سەربەخۆکاندا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە فیلمی ' What's Eating Gilbert Grape' و فیلمی 'Benny and Joon' لە 1993، دواتریش لە فیلمی 'Dead Man' لە 1995، هەروەها لە فیلمی 'Donnie Briscoe' لە 1997 و 'Loathing in Las Vegas' لە 1998.
فیلمەکانی ئەو ئەکتەرە پڕداهاتن، کۆی داهاتی فیلمەکانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 3.7 ملیار دۆلار بووە، بە گشتی لە سینەماکانی جیهانیشدا 10 ملیار دۆلار بووە، لە 2012 بەهۆی وەرگرتنی زۆرترین کرێ بۆ فیلمەکانی، ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکرا.
ناوبانگی جیهانی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی کارەکتەری کاپتن جاک سپارۆ بوو لە زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Pirates of the Caribbean' کە لە چوار بەشیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و بە یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکان لە مێژووی سینەمادا دەناسرێت.
ئێمبەر هێرد، لە 22-4-1986 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر و چالاکوانە، لەرێگەی فیلمی 'Never Back Down'لە 2008، 'Drive Angry' و 'The Rum Diary' لە 2011 و 'Aquaman' لە 2018 ناوبانگی پەیداکرد.