بەڵگەفیلمێک لەبارەی گۆڕستانی ژنە کوژراوەکان بەربژێری خەڵاتە

رووداو دیجیتاڵ 

"وڵاتی ژنانی ژێر زەوی" بەڵگەفیلمێکی کوردییە و لە دەرهێنانی رێکەوت حەمە تۆفیقە، ئێستا لە سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام بەشدارە و بەربژێری خەڵاتی باشترین کورتە بەڵگەفیلمە.
 
بەڵگەفیلمەکە بەرهەمی بەشی سینەمای بەرێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانییە، جگە لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام، پێشتر لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکە بەشداربووە و بڕیارە لەم مانگەدا لە فێستیڤاڵێکی دیکە لە ئیتاڵیا بەشدار بێت.
 
فیلمەکە لە نووسینی دیدار عومەرە، چیرۆکەکەی باس لە پیاوێک دەکات بە درێژایی 13 ساڵ لەو گۆڕستانە کار دەکات کە تایبەتە بەو ژنانەی کوژراون و بێ ناونیشانن. ئەو پیاوە گۆڕ هەڵکەن، باخەوان و کەسوکاری ئەو گۆڕستانەیە.  
 
"وڵاتی ژنانی ژێر زەوی" لە چەندین فێستیڤاڵی فیلم لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمریکا، رووسیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا بەشداربووە و لە 27ـەمین فێستیڤاڵی ریلجن تودەی لە ئیتاڵیا خەڵاتی لیژنەی دادوەرانی بەدەستهێنا.