فیلمی 'سڵاو پێشمەرگە'ـی ئەحمەد رامبۆ لە یوتیوب بڵاوکرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

فیلمی سینەمایی 'سڵاو پێشمەرگە' لە بەرهەمهێنان و رۆڵبینینی ئەحمەد رامبۆ، ئەکتەر و پاڵەوانی لەشجوانی، بۆ هۆگرانی فیلمی کوردی، لە یوتیوب بڵاوکرایەوە.
 
ئەحمەد رامبۆ، بە رووداوی راگەیاند، هەرچەند فیلمەکە پێشتر لە سینەماکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک نمایشکراوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە خەڵکی داوای بینینی فیلمەکەیان کردووە، بۆیە ئەویش بڕیاریدا لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاوی بکاتەوە.
 
چیرۆکی فیلمەکە لەلایەن ئەحمەد رامبۆ نووسراوە، لە سیناریۆیی سەعید مەحموود و دەرھێنانی حەسەن عەلییە و بەرهەمی 2016یە، تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی نمایشی فیلمەکە بوو لە سینەماکاندا.
 
لەم بەرهەمەدا جگە لە ئەحمەد رامبۆ کە رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، هەریەک لە لیۆنی زیومر، ئەکتەری ئەڵمانی و شەمەم حەسەن، ئەكتەری عێراقی رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 
عەبدولی حەمەجوان، عادل عەبدولڕەحمان، کاوە قادر، نیگار عوسمان، عەبدولڕەحمان محەممەد، مازن محەممەد، کارزان سەلاح، ئەحمەد سەعەد، عەبدوڵڵا محەممەد و ھەنار کامەران رۆڵی کارەکتەرەکانی دیکەی نێو فیلمەکە دەگێڕن.
 
'سڵاو پێشمەرگە' چیڕۆكی داستانێكی پێشمەرگە لە وەرزی زستاندا لە کوردستان دەگێڕێتەوە و تیشک دەخاتە سەر رۆژنامەڤانێکی ئەڵمانی كە بۆ گواستنەوەی ھەواڵی شۆڕشی كورد ھاتووەتە باشووری كوردستان، لەو كاتەی جیھان لە شۆرشی کورد و ئەو زوڵمەی بەرامبەری دەکرێت بێ ئاگا بووە.
 
رژێمی بەعس کاتێک دەزانێت ئەو رۆژنامەڤانە بیانییە بۆ رووماڵی چالاکییەکانی پێشمەرگە لە کوردستانە، ھەوڵی دەستگیركردنی دەدات، بەڵام ھێزێکی پێشمەرگە لە دوای شەرێکی دژوار رزگاری دەکەن و دەیگەیێنێتە سنووری باکووری کوردستان.
 
ئەم بەرهەمە لە یەکەم بەشداریی نێودەوڵەتییدا لە 2017، بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشی پێشبرکێی سەرەکیی چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەکشندا لە ئیسپانیا بەشداربوو، لەگەڵ نۆ فیلمی وڵاتانی دیکە لە کێبرکێدا بوو و لە ئەنجامدا توانی خەڵاتی باشترین سپێشەل ئیفێکت وەرگرێت.
 
هەروەها ئەم بەرهەمە لە ھەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کوردستان، خەڵاتی باشترین دەرھێنەری وەرگرت.
 
کاری بەرھەمھێنانی فیلمەکە لە ئەستۆی کۆمپانیای 'گۆڵدن سپۆرت'ـی ئەحمەد رامبۆیە، پویان کەفیلی، بەڕێوەبەری وێنەگرتنی بووە و نیعمەت نارنج کاری مۆنتاژی بۆ کردووە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە چیای سەفین، ھیزۆپ و دۆلی سماقولی وێنەگیراوە، ماوەکەی یەک کاژێر و 44 خولەکە.