رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەکانی بافتا لە لەندەن بەڕێوەچوو
رووداو-هەولێر
دوێنێ شەو، 11-4-2021 لە هۆڵی رۆیاڵ ئەلبێرت لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بافتا بەڕێوەچوو، کە فیلمی Nomadland توانی زۆرترین خەڵاتی بافتا بباتەوە.
خەڵاتەکانی بافتا، کە لەلایەن ئەندامانی ئەکادیمیای هونەری فیلم و تەلەڤزیۆنی بەریتانیاوە هەڵبژێردرابوون، راگەیێندراو فیلمی Nomadland توانی چوار خەڵاتی بافتا بباتەوە.
خەڵاتی باشترین فیلم بە فیلمی "Nomadland" بەخشرا، هەروەها خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بە Chloé Zhao دەرهێنەری فیلمی "Nomadland" بەخشرا، خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەر بە Frances McDormand کە رۆڵی لە فیلمی "Nomadland" بینیبوو بەخشرا،هەروەها خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە Anthony Hopkins کە رۆڵی لە فیلمی "The Father" بینیبوو بەخشرا.
هەر لە چوارچێوی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بافتا، خەڵاتی باشترین فیلمی بەریتانی بە فیلمی Promising Young Woman بەخشرا، هەروەها خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئۆرجیناڵ بە فیلمی Promising Young Woman بەخشرا، خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی بە فیلمی "Another Round" بەخشرا، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم بە "My Octopus Teacher" بەخشرا، خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشن بە فیلمی "Soul" بەخشرا، کە لە دەرهێنانی Pete Docter, Dana Murray بوو.
خەڵاتەکانی ئەکادیمیای بەریتانی "بافتا" خەڵاتێکە، ئەکادیمیای بەڕیتانی بۆ فیلم و تیڤی ساڵانە پێشکێشی دەکات، بۆ یەکەمجار ئەم خەڵاتە لە ساڵی 1947 پێشکێشکراوە، لەدوای هەردوو خەڵاتی گۆڵدن گلۆب و خەڵاتی ئۆسکار گەورەترین خەڵاتە و زیاتر پێشکێش بەو فیلمانە دەکرێ کە سەر بە سینەمای بەریتانیان.