شاکیرا چوار ژمارەی پێوانەیی نوێ لە گینس تۆمار دەکات

رووداو دیجیتاڵ

شاکیرا، هونەرمەندی کۆلۆمبی، لە رێگەی یەکێک لە بەرهەمە نوێیەکانی بەناوی ' Music Sessions Vol. 53'، توانی چوار ژمارەی پێوانەیی نوێ لە گینس تۆمار بکات، بەمەش کۆی ژمارە پێوانەییەکانی لە گینس گەیشتە 14 ژمارەی پێوانەیی.
 
ئەم بەرهەم هاوبەشەی لەگەڵ بێزراپ، دی جەی ئەرجەنتینی تۆمارکردووە و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو.
 
گۆرانییەکە توانی ببێتە پڕبینەرترین گۆرانی لاتینی لە یوتیوب کە لە ماوەی 24 کاژێردا زۆرترین بینەری هەبێت، ئەویش 63 ملیۆن بینەرە، هەروەها خێراترین گۆرانی لاتینییە کە 100 ملیۆن جار لە یوتیوب بیستراوە، هەروەها پربیستراوترین بەرهەمی لاتینییە لە 24 کاژێردا لە سپۆتیفای و 14 ملیۆن و 93 هەزار جار بیستراوە و زۆرترین جار لە ماوەی یەک هەفتەدا لەو پلاتفۆڕمە بیستراوە، ئەویش 80 ملیۆن و 600 هەزار جارە.
 
ئەو هونەرمەندە چوار بڕوانامەکەی وەرگرت، بەمەش بووە خاوەنی 14 ژمارەی پێوانەیی لە کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییە جیهانییەکان.
 
گۆرانییەکە بەناوی 'Music Sessions Vol. 53'یە و دەگوترێت گۆرانییەکە ئاڕاستەی جیرارد پێکێ، یاریزانی ئیسپانی کراوە، تێیدا شاکیرا دەڵێت: ئەو "هێندەی دوو ژنە کە تەمەنیان 22 ساڵە"، هەروەها دەڵێت: "ئۆتۆمبێلی فیراری بە ئۆتۆمبێلی رینۆ گۆڕیەوە، کاتژمێری رۆلێکس بە کاژێری کاسیۆ گۆڕیەوە". 
 
شاکیرا و پیکێ لە حوزەیرانی 2022 جیابوونەوە و کۆتاییان بە پەیوەندی 11 ساڵەی نێوانیان هێنا.
 
شاکیرا تەمەن 45 ساڵ، لە 2010 کاتێک سەرقاڵی ئامادەکردنی گۆرانی 'Waka Waka' بۆ مۆندیالی ئەفریقا بوو، یەکدیان ناسی و خاوەنی دوو منداڵن.
 
لە دای جیابوونەوەی ئەو دوو کەسایەتییە جیهانییە، میدیاکان باسیان لەوە دەکرد کە پیکێ خیانەتی لە شاکیرا کردووە و بەهۆیەوە شاکیرا داوای جیابوونەوەی کرد.