پەرستوو کارزان لە فیلمێکدا لەگەڵ باڵاکورتترین پیاوی جیهان رۆڵدەگێڕێت


پەسار فایەق

باڵاکورتترین پیاوی جیهان کە کوردە، بۆ جاری دووەم لە فیلمێکدا رۆڵدەگێڕێت، ئەمجارە رۆڵی منداڵێک دەگێڕێت و لە نێو فیلمەکەدا دەمرێت.
 
محەممەد قادرزادە، تەمەنی 23 ساڵە و باڵای 64 سانتیمەترە، لە 2021 وەک باڵاکورتترین پیاوی جیهان، ناوی لە کتێبی "گینس" تۆمارکراوە.
 
محەممەد قادرزادە لەبارەی فیلمەکە کە بەناوی "باوەشی سارد"ـە، قسەی بۆ رووداو کردووە و داوایەکی لە شاهۆ ئەمین هەبوو: "کاک شاهۆ ئەوە پەیامی خۆمم بۆ ناردی، گوێبگرە لەو پەیامەی پێت دەڵێم، ئێوە کارێکی باشم بۆ بکەن، من تۆم خۆشدەوێت". گوتیشی: "زۆر خۆشحاڵم لە فیلمی "باوەشی سارد"ـدا رۆڵم گێڕاوە، دەرهێنەرکەم ناجی سەلیمییە، فیلمەکەشمان زۆر زۆر خۆش بوو". 
 
پەرستوو کارزان وەک گۆرانیبێژ ناسراوە، بەڵام لەو فیلمەدا بۆ یەکەمجار ئەزموونی نواندن تاقی دەکاتەوە، ئەویش رۆڵی دایکی محەممەد قادرزادەیە. ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، یەکەم ئەزموونی نواندنیەتی لە فیلمدا، بە خۆشترین ئەزموونیش ناوی دەبات. 
 
گوتیشی، هەرچەند وەک گۆرانیبێژ ناسراوە و لەو هونەرەی بەردەوامە، بەڵام رووی کردووەتە دنیای سینەماش.
 
سیامەند ئومێدەوار، ئەکتەری رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای دابڕانێک، لە رێگەی کورتە فیلمی "باوەشی سارد" دەگەڕێتەوە نێو کاری نواندن و بە رووداوی گوت، دوای ماوەیەک دابڕان لە کاری نواندن، لەسەر داوای دەرهێنەر ناجی سەلیمی لە فیلمەکەدا رۆڵیگێڕاوە.
 
ناجی سەلیمی، نووسەر، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە و دەڵێت، پەیامی فیلمەکە پێشاندانی هەستی جوانی دایکە. گوتیشی، بەرهەمەکە ئامادەیە و بۆ فێستیڤاڵە سینەماییە کوردی و نێودەوڵەتییەکان نێردراوە. 
 
چیرۆکی فیلمەکە باس لە خێزانێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، دوای مردنی کوڕەکەیان، دایکی دەستبەرداری تەرمەکەی نابێت و رێگە نادات بنێژرێت.
 
فیلمەکە لە ماوەی سێ رۆژدا لەلایەن لوقمان مەولوودی و سەلام خسرەوی لە دەوروبەری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەگیراوە.
 
ئەفشین قەدەمی و ئارش خورشیدی کاری میوزیکیان بۆ فیلمەکە کردووە و هیوا ئەحمەدزادە پۆستەری فیلمەکەت دیزاینکردووە.