رووداو دیجیتاڵ
ئێڵتن جۆن، گۆرانیبێژی بەریتانی، لە رێگەی نۆیەمین ئەلبوومی گۆرانیی کە لە 2017 بڵاوکرایەوە، دەگەڕێتەوە ریزبەندی یەکەمی لیستی پڕفرۆشترین ئەلبوومی بەریتانیا.
ئەلبوومەکە بەناوی "Diamonds"ـە، پێشتر 374 هەفتە لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا بووە، جارێکی دیکە توانی بگەڕێتەوە ئەو ریزبەندییە.
لە لیستەکەدا جۆن توانی پێش ئێد شیرەن، زە ویکند، سیزا و سەبرینا کارپۆنتۆر بکەوێت.
ئێڵتن جۆن، دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە گەڕانەوەی ئەلبوومی "Diamonds" بۆ ریزبەندی یەکەم و سوپاسی هەوادارانی کرد.
ئەلبوومەکە گۆرانیی سەرکەوتووی وەک "Your Song"، "Rocket Man"، "Candle in the Wind" و "Sacrifice" لەخۆدەگرێت.
لە تەمموزی 2023 ئێڵتن جۆن، دوای نیو سەدە لە کار و چالاکی هونەری، دوایین کۆنسێرتی لە گەشتە هونەرییەکەی لە ستۆکهۆڵمی سوێد پێشکێشكرد کە دوایین کۆنسێرتی بوو لە ژیانیی هونەرییدا و چیتر کۆنسێرت و گەشتی هونەری پێشکێش ناکات.
ئێڵتن جۆن، لە 25ـی ئاداری 1947 لە بەریتانیا لەدایکبووە، وەک گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی و ژەنیاری پیانۆ ناسراوە، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا ناوبانگی زۆری بەدەستهێناوە، بەرهەمەکانی لەلایەن رەخنەگرانەوە پێشوازی لێکراوە.
لە 1962 گرووپی "Bluesology"ـی دامەزراند، بەڵام 1967 وازی لە گرووپەکە هێناو و بەتەنیا وەک هونەرمەندێک کاری کرد. لە 1969 یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی "Empty Sky" بڵاوکردەوە، ساڵێک دواتر گرووپێکی دیکەی بەناوی "Elton John Band" دامەزارند و گۆرانییە بەناوبانگەکەی "Your Song"ـی بڵاوکردەوە.
چەندین گەشتی هونەریی لە ژیانیدا ئەنجامداوە، دوایین گەشتی هونەریی لە 2018 دەستیپێکرد و 2023 کۆتاییهات و بەنیاز نییە چیتر گەشتی هاوشێوە ئەنجام بدات. گەشتە هونەرییەکە بەناوی "Farewell Yellow Brick Road" بوو و بە پڕداهاتترین گەشتی هونەری دەناسرێت.
لە 2019ـدا فیلمێک لەبارەی ژیان و هونەری ئەو هونەرمەندە بەناوی "Rocketman" بڵاوکرایەوە و خەڵاتی بافتا و گۆڵدن گڵۆبی بەدەستهێنا.
جۆن، یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە لە هەشتەکانی سەدەی رابردووەوە کاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی ئایدز کردووە، لە 1992 دامەزراوەیەکی بەناوی ئێڵتن جۆن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە دامەزراند.
لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان ئالوودەی ماددەی هۆشبەر بوو، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەری؛ لە 1990 بەیەکجاری توانی لە بەکارهێنانی دوورکەوێتەوە. لە 2005ـدا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ دەیڤید فۆرنیش، دەرهێنەری کەندی دانا و لە 2014ـدا ژیانی هاوژینییان پێکهێنا، ئەمەش لە دوای ئەوەی لە ئینگڵتەڕا و وێڵز یاسای تایبەت بە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە نێوان هاورەگەزخوازەکان دەرچوو. ئێستاش خاوەنی دوو منداڵن لە رێگەی دایکی جێگرەوە.
زیاتر لە 300 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە فرۆشراون. لەو 19 هونەرمەندانەیە کە خەڵاتی "EGOT" وەرگرتووە، پێکهاتووە لە خەڵاتی ئێمی، پێنج خەڵاتی گرامی، دوو خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی تۆنی. هەروەها براوەی دوو خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب، لۆرەنس ئۆلیڤییە و خەڵاتی شانازیی دامەزراوەی کێنێدییە.
"EGOT" کورتکراوەی خەڵاتەکانی ئێمی، گرامی، ئۆسکار و تۆنییە کە چوار گرنگترین خەڵاتی هونەرین لە ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ