رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە ئەستێرەکانی هۆلیوود، جلوبەرگە بەکارهاتووەکانیان دەبەخشنە لێقەوماوانی ئاگرکەوتنەوەی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا.
بەخشینی جلوبەرگ لەلایەن هونەرمەندانی هۆلیوود، لە دوای دەستپێشخەرییەکی جینا کۆپەر، بریکاری بەناوبانگی خانووبەرە دێت، تێیدا داوای لە ئەستێرەکانی هۆلیوود کردووە، جلوبەرگ و کەلوپەلی پێویست ببەخشنە لێقەوماوان.
شارۆن ستۆن و هالی بێری لەو دوو ئەستێرە سینەماییە دیارانەن کە پاڵپشتی خۆیان بۆ دەستپێشخەرییەکە پێشاندا و جلوبەرگ و جانتا و کەلوپەلی دیکەی خۆیان بەخشیوە.
هالی بێری لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە ئینستگرام نووسیبووی، هەموو جلوبەرگەکانی کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بیبەخشێت و داوای لەو کەسانە کردووە کە لە باشووری کالیفۆرنیان هەمان کار بکەن.
لەلایەکی دیکەوە بریتنی سپیرز، گۆرانیبێژی ئەمریکی، بەهۆی ئاکرکەوتنەوەی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، خانووەکەی چۆڵکرد کە نرخەکەی بە 7.4 ملیۆن دۆلار خەملێندراوە.
بەشێکی زۆر لە ئەستێرە هۆلیوودییەکان لە لۆس ئەنجلس دەژین، بەهۆی ئاگرەکەوە ماڵەکانیان سووتاوە، لەوانەش ماڵی بیڵی کریستاڵ، ئەکتەری کۆمێدی ئەمریکی، ئەنتۆنی هۆبکێنز، ئەکتەری وێڵزی، پاریس هیڵتن، سەرمایەدار و ئەکتەری ئەمریکی، جێمس وۆدس، ئەکتەری ئەمریکی و مایڵس تەلەر، ئەکتەری ئەمریکی.
ئادەم ساندلەر، تۆم هانکس، بێن ئافلێک و ستیڤن سپێلبێرگ لە ئەستێرە دیارەکانی هۆلیوودن کە ماڵەکانیان لەو شارەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانیان بەرنەکەوتووە.
لەنێو ئەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، سانتا مۆنیکا و مالیبون، کە بەهای بەشێک لە خانووەکانیان زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە. ئاگرەکە لە پێنج ناوچەی جیاوازی سنووری لۆس ئەنجلسەوە سەریهەڵداوە و زیاتر لە 14 هەزار هێکتار زەوی سووتاوە.
نزیکەی 10 ملیۆن کەس لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا دەژین کە سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیایە. شارەکە زۆرترین چڕیی دانیشتووانی تێدایە لە ئەمریکا؛ نرخی موڵک و باڵەخانەکانی لۆس ئەنجلس زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلارە.
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، لە 7ـی کانوونی دووەمی 2025ـەوە کە ئاگرەکە کەوتووەتەوە، 150 کیلۆمەتر چوارگۆشە سووتاوە؛ 16 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ زیان بەر 10 هەزار خانوو و باڵەخانە کەوتووە؛ 180 هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵکردووە.
لەماوەی ئەو چوار رۆژەدا، 20 کەس لەسەر دزیکردن دەستگیرکراون و زیانە ئابوورییەکانیش تاوەکو ئێستا بە 135 بۆ 150 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ