یەکەم پێشاندانی بەڵگەفیلمی 'شاردنەوەی سەدام' لە ئەمستردام دەبێت

11-10-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'شاردنەوەی سەدام' فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی ئیدفا هەڵکەوت مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمی درێژی 'شاردنەوەی سەدام' لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد، یەکەم پێشاندانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی ئیدفا لە ئەمستردامی هۆڵەندا دەبێت و تۆڕی میدیایی رووداو هاوبەشە لە بەرهەمهێنانیدا.
 
ئیدفا بە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵەکانی فیلم لە ژانری بەڵگەفیلم لە جیهاندا دەناسرێت، رێکخەرانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند، یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی فیلمی 'شاردنەوەی سەدام' لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی ئیدفا دەبێت کە چالاکییەکانی لە 8-19ـی تشرینی دووەمی 2023 لە ئەمستردامی هۆڵەندا دەبێت.
 
'شاردنەوەی سەدام' چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی 235 رۆژ سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراقی شاردەوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 150 هەزار سەربازی ئەمریکی لە جەنگی عێراقدا بەدوایدا دەگەڕان.
 
هەر بەم بۆنەیەوە وەزارەتی رۆشنبیری نەرویج، راگەیێندراوێکی فەرمیی بڵاوکردووەتەوە و پیرۆزبایی لە هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلمەکە کردووە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، ئەوان چاوەڕوان دەکەن 'شاردنەوەی سەدام' دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتیی هەبێت و سەرنجی رەخنەگرانی سینەما بەلای خۆیدا رابکێشێت و فیلمەکە نوێنەرایەتیی نەرویج و عێراق دەکات.
 
هەڵکەوت مستەفا، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە بە هەڵبژاردنی فیلمەکەی لە ئیدفا و رایگەیاند: "تامەزرۆم بۆ یەکەم پێشاندانی فیلمەکە لە شاری ئەمستردام". 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە