پەڕسێلکەی مانۆ خەلیل بەرەو ئەڵمانیا دەفڕێت

11-10-2016
پەسار فایەق
نیشانەکردن مانۆ
A+ A-

رووداو – هەولێر

فیلمی سینەمایی "پەڕەسێلکە" لە دەرهێنانی مانۆ خەلیل، دەرهێنەری کورد، لە دوو فێستیڤاڵی سینەمایی لە ئەڵمانیا و چیک نمایشدەکرێت.


مانۆ خەلیل بە رووداوی راگەیاند "دوایین فیلمی بەناوی پەڕسێلکە، لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی هافدا بەشدارە و کێبڕکێ دەکات بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی فێستیڤاڵ.

فێستیڤاڵەکە لە 25 تاوەکو 30 ئەم مانگە بەرێوەدەچێت و ئەمساڵ 50مین خولی بەڕێوەدەچێت و بە فیلمی سینەمایی "The Bloom of yesterday"  چالاکییەکانی دەستپێدەکات.

خەلیل، ئەوەشی خستەڕوو "فیستیڤاڵەکە بە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵەکانی سینەما لە ئەڵمانیا و جیهاندا دەناسرێت".

ئەو دەرهێنەر کوردە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "فیلمەکەی لە 20 و 21 ئەم مانگە لە فێستیڤالێکی دیکەی سینەمایی لە پراگ لە چیک نمایشدەکرێت و بۆ ئەم مەبەستە لە 19 ئەم مانگە لە سویسراوە بەرەو چیک گەشت دەکات".

فیلمی "پەڕەسێلکە" لە چوارچێوەی چالاکییەکانی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆکدا خەڵاتی پارێزگای دهۆکی وەرگرت کە لە فیلمەکەیدا توانیویەتی پارێزگاکە بە جوانی پیشان بدات.

ئەوە دەرهێنەرە ئەوەشی ئاشکراکرد، ئێستا کار بۆ فیلمێکی دیکە دەکات و لە قۆناغی بەرهەمهێنان دایە.

مانۆ خەلیل، خاوەن چەند فیلمێکی سینەمایی، دیکۆمێنتاری و دۆکۆدراماییە، لە رێگەیانەوە چەند خەڵاتێکی وەرگرتووە و لە سینەماکانی سویسرا و بەشێک لە کەناڵە ئاسمانییە ئەوروپییەکان نمایشکراون.
  


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە