رووداو - هەولێر
سەرۆکی زانکۆی شرناخ کۆنسێرتی خانمە هونەرمەندی کورد "خەجێ" ـی هەڵوەشاندەوە.
بڕیاربوو هونەرمەند خەجێ رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی 2022 لە زانکۆی شرناخ کۆنسێرتێک سازبدات، بەڵام بەبێ هیچ پاساوێک کۆنسێرتەکە لە لایەن سەرۆکی زانکۆکە هەڵوەشێندرایەوە.
هونەرمەند خەجێ لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە سۆشیال میدیا رایگەیاند، کۆنسێرتەکەی هەڵوەشاوەتەوە و نووسیویەتی، کۆنسێرتەکەیان کە بڕیار بوو لە 4ـی تشرینی یەکەم لە سەنتەری کۆنگرە و رۆشنبیریی 15ی تەممووزی زانکۆی شرناخ بکرێت، لە لایەن سەرۆکی زانکۆوە "رەتکرایەوە و هەڵوەشایەوە."
خەجێ خانمە هونەرمەندێكی کوردی باکووری کوردستانە. ساڵی 1978 لە شارۆچکەی جزیر سەر بە پارێزگای شرناخ لە دایکبووە و لە ساڵی 1996 ـەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە.
ئەوە یەکەمجار نییە کۆنسێرتی هونەرمەندانی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان هەڵدەوەشێندرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 15ی ئایاری 2022 شارەوانیی دەرینجە لە پارێزگای کۆجائەلی کە لە لایەن ئاکپارتییەوە بەڕێوەدەبرێت، کۆنسێرتی خانمە هونەرمەندی کورد ئاینور دۆغانی هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو رۆژی 20ی ئایار لەو شارۆچکەیە بەڕێوەبچێت.
هەروەها گرووپی میوزیکی "مەتین-کەمال کاهرەمان کاردەشلەر" کە چەند هەفتەتەک بوو ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئەوەی رۆژی 17ی ئایاری 2022 لە شاری موش کۆنسێرتێکی گۆرانیی کوردی بکەن، رۆژێک پێشتر بە تەلەفۆن لە لایەن کاربەدەستانی پارێزگاوە ئاگادارکرانەوە کە مۆڵەتی کۆنسێرتەکەیان هەڵوەشێندراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ