ئەگەری 18 مانگ زیندانیکردنی ئالێک باڵدوێن هەیە

11-07-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئالێک باڵدوێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئالێک باڵدوێن، ئەکتەری ئەمریکی، بەهۆی کوشتنی بێ مەبەست، دادگاییکردنی بەڕێوەدەچێت، ئەگەر بێت و تاوانەکەی بەسەردا بسەپێت 18 مانگ زیندانی دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 10ـی تەمموزی 2024، لە یەکەم رۆژی دادگاییکردنی باڵدوێن لە شاری سانتا فێی ویلایەتی نیو مەکسیکۆی ئەمریکا، ئۆرلەندا ئۆکامپۆ جۆنسن، داواکاری گشتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەکتەر "یاسا سەرەکییەکانی سەلامەتیی بەکارهێنانی چەکی پێشێڵ کردووە".    
 
بڕیارە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا، دەستەی دادوەری دادگەی شارەکە، گوێبیستی شایەتحاڵەکانی رووداوەکە بێت.
 
پارێزەری باڵدوێن لە دانیشتنی دادگەدا، رایگەیاند، کوشتنی هالینا هاچینز بە گوللـە "کارەساتێکە گوزارشت ناکرێت"، بەڵام گوتیشی باڵدوێن لەم شوێنە "ئەکتەر بووە و نواندنی کردووە".
 
نزیکەی سێ ساڵە دۆسییەی کوشتنی بێ مەبەستی بەرپرسی وێنەگرتن و بریندارکردنی دەرهێنەری فیلمی "Rust" لە دادگە یەکلا نەببووەوە، دوای چەندین دانیشتن، جارێکی دیکە دۆسییەکە هەڵدرایەوە.
 
پێشتر هانا گوتیرێز رید، سەرپەرشتیاری بەکارهێنانی چەک لە فیلمە سینەماییەکاندا، بڕیاری 18 مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، تۆمەتەکەش کوشتنی بێ مەبەست بوو، هۆکارەکەیشی جێبەجێنەکردنی رێوشوێنی سەلامەتی بەکارهێنانی چەک بووە لە کاتی وێنەگرتنی فیلمدا. 
 
باڵدوێن (60 ساڵ)، ئەکتەری سەرەکی و هاوکاری بەرهەمهێنەری فیلمی "Rust"، لەکاتی پرۆڤەکردنی فیلمێکدا لە تشرینی یەکەمی 2021، چەکێکی ئاراستەی هالینا هاچینز، وێنەگری سینەمایی کرد و گولـلــەیەکی بەرکەوت و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا و جۆیل سۆزا، دەرهێنەری فیلمەکە برینداربوو.
 
ئەم تۆمەتە باڵدوێنی خستووەتە کێشەی یاساییەوە و ئەگەری زیندانیکردنی بۆی دروستکردووە کە نزیکەی 40 ساڵە پێگەیەکی گرنگی لە بەرهەمە تەلەفزیۆنی و سینەماییەکاندا هەیە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە