'رەیحانە' لە یەکەمین دیمانەی شانۆی کوردیی دیاسپۆرا نمایش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

تیپی شانۆی هاورێیانی گەزیزە لە ئەڵمانیا، بە بەرهەمێکی شانۆیی لەبارەی دیاردەی کۆچ بەشداری لە یەکەمین دیمانەی شانۆی کوردیی دیاسپۆرا لە ئەڵمانیا دەکات.
 
شانۆیی 'رەیحانە' لە نووسین و دەرهێنانی گەزیزە عومەرە و باس لە مەترسی و لێکەوتەکانی دیاردەی کۆچ دەکات و هەریەک لە هونەرمەندان فرمێسک مستەفا، بریار حمەڕەشید و بێگەرد ئەحمەد رۆڵی تێدا دەگێڕن. 
 
شەهێن سابیر، بەرپرسی راگەیاندنی شانۆیی 'رەیحانە' بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، روونیشکردەوە، شانۆییەکە باس لەو ماڵباتانە دەکات کە دەبنە قوربانی کۆچ و نیشاندانی دیوە نەبینراوەکانی ئەو جیهانە رەنگاورەنگەی لەلای تاکی کۆمەڵگە نەخشێندراوە. 
 
روونیشیکردەوە، بەشداریکردنی ئەم دیمانەیە پاش ئەوە دێت کە تیپی شانۆی هاورێیانی گەزیزە لقی ئەڵمانیای کردەوە و بەتوانایاکی نوێوە بەرهەمە شانۆیی و چالاکییەکانی لەو وڵاتە گەشە پێدەدات و بە ئامانجی خستنەڕووی پرس و بابەتە گرنگەکانی گەلی کورد لەرێگەی هونەری شانۆوە. 
 
شەهێن سابیر، گوتیشی، کردنەوەی لقی تیپەکەیان لە ئەڵمانیا، هاوکات بۆ دروستکردنی پەیوەندی هونەرییە لەگەڵ کەسانی پسپۆر و شارەزا بەمەبەستی ئەنجامدانی سیمینار و وۆرکشۆپ چالاکی جۆراوجۆری هونەری. 
 
هونەرمەند کاروان عەلی مجۆل، بەرێوەبەری بەرهەمی شانۆییەکە و ئامادەکاری ڤیدیۆ نیگار حەسیب قەرەداخییە و بڕیارە لە 17ـی حوزەیرانی 2023 لە شاری تویچنتالی ئەڵمانیا نمایشبکرێت.