نوێترین ئەلبوومی گرووپی بی تی ئێس 48 تراک لەخۆدەگرێت

رووداوی دیجیتاڵ
 
'Proof' نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی گرووپی کۆری بی تی ئێسە و لە 48 تراکی گۆرانی پێکهاتووە. 
 
یەکێک لە تراکەکانی نێو ئەلبوومەکە بەناوی 'Yet To Come'یە و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی یەک رۆژدا زیاتر لە 51 ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە.
 
بی تی ئێس کە لە حەوت ئەندام پێکهاتووە، یەکەم گرووپی میوزیکی ئاسیا بوو ساڵی رابردوو خەڵاتی هونەرمەندی ساڵی لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی میوزیکی ئەمریکا بەدەستهێنا.
 
ئەندامانی گرووپەکە، لە 31-5-2022 دیداریان لە کۆشکی سپی، لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەبوو.
 
ئەندامانی گرووپەکە جلوبەرگی رەشیان پۆشیبوو و بۆ دەربڕینی خۆشەویستی، لەگەڵ بایدن دوو پەنجەی دەستیان لەیەکدی داوە و هاوشێوەی دڵ دەردەکەوێت.
 
لە دیدارەکەدا، گرووپی بی تی ئێس گفتوگۆیان لەبارەی تاوانەکانی رق و کینە لە دژی خەڵکی ئاسیا و ئاوێتەبوونی خەڵکی ئاسیا کرد و ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، بەهۆی شێوەیان پێشتر گاڵتەیان پێکراوە.
 
بی تی ئێس 'BTS' گرووپێکی میوزیکی کۆریای باشوورە، لە حەوت ئەندام پێکهاتووە و لە 2010 لە سیئۆل دامەزراوە، ئەندامانی بریتین لە جین، سوگا، ج-هۆپ، ئاڕ ئێم، جیمین، ڤی و یۆنگکوک.
 
یەکەم ئەلبوومی گرووپەکە لە 2013 بەناوی '2Cool 4 Skool' بڵاوکراوەتەوە، ساڵی دواتر یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی کۆری بەناوی 'Dark & Wild' و یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ژاپۆنی بەناوی 'Wake Up' بڵاوکردەوە، دووەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ئینگلیزی بەناوی 'Wings' لە 2017 بڵاوکردەوە و لەرێگەیەوە ناوبانگی جیهانیان بەدەستهێنا.
 
بی تی ئێس، یەکەم گرووپی میوزیکی کۆریایە، یەک ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومێکیان بفرۆشرێت و یەکەم گرووپی کۆریا بوو لە 2020 لەرێگەی گۆرانی 'Dynamite' بەربەژێری خەڵاتی گرامی بێت.
 
ئەو گرووپە براوەی چەندین خەڵاتی میوزیکین، لەوانە شەش خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و 12 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد.