سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستەردام بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لە ئەمستەردام دەستیپێکرد، تێیدا دەیان فیلم بەشدارن و رکابەری بردنەوەی خەڵاتەکە دەکەن. 
 
سەبارەت بە پرۆگرامی فێستیڤاڵی ئەمساڵ و نێوەڕۆکەکەی، مەیلا ئەحمەد، یەکێک لە رێکخەرانی فێستیڤاڵ میوانی دیاپسۆرابوو و رایگەیاند، دڵخۆشە توانیویەتی لە رووداوەوەو باسی فێستیڤاڵەکە بکات و دەڵێت "ئەمە سێیەم فێستیڤاڵی فیلمە لە ئەمستردام رێکی دەخەین، هەر ساڵێک بە فیلمێک پارچەیەکی کوردستان دەهێنینە پێشەوە، بۆ نموونە ساڵی رابردوو تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بە ژینا ئەمینی، ئەمساڵیش تایبەتە بە رۆژئاوای کوردستان، بەهۆی ئەوەی هێرشی زۆر و بەردەوامی تورکیای لەسەرە، بۆیە هەرچەندە فیلمەکان جۆراوجۆرن و بەرهەمی هەموو پارچەکانی کوردستان و تەنانەت ئەوانەی لە دیاسپۆراش دروستکراون لە خۆ دەگرێت، بەڵام زۆربەی فیلمەکانی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەمان فیلمی رۆژئاوای کوردستانن".
  
مەیلا ئەحمەد روونیکردەوە، لە فێستیڤاڵی ساڵانی رابردوو تەنیا یەک فیلمیان وەک فیلمی کردنەوە پێشانداوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ گۆرانکارییان کردووە و بڕیاریانداوە پێنج فیلمی کورت وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکە پێشان بدەن، هەروەها دەڵێت: "لە کوردستان گرنگی بە فیلم دەدرێت، بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە خەڵکی جیهان لە رێگەی ئەو فیلمانەوە بەتایبەت کورتە فیلمی کوردی کە چیرۆک و ژیانی کورد دەگیڕێتەوە، پیشانیان بدەین و پێیان ئاشنا بکەین".
 
ئەو رێکخەری فێستیڤاڵە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەمساڵ شتێکی جیاواز لە فێستیڤاڵەکەدا هەیە، "بۆ نموونە فیلمی "هەندەن توو فەن" هەیە کە ئەکتراکتیڤە، واتە بینەر ئازادە بیەوێ چ بەشێکی فیلمەکە هەڵبژێرێ و سەیری بکات، بۆ نموونە فیلمەکە لەسەر گوندێکی کوردستانە، تێیدا چەندین چیرۆک لە خۆ دەگرێت، بۆ نموونە چەند کەسێک لەو گوندەوە لەبەر هەر هۆکارێک بێت روویان لە دیاسپۆرا کردووە و ئێستا لەوێ دەژین، بینەر دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی بزانێت ژیان و گوزەرانی ئەو کەسانە پێشتر لەو گوندە چۆن بوو و ئێستاش لە دیاسپۆرا چۆنە، ئەمە بۆ چوار پارچەی کوردستان دروستکراوە".
 
مەیلا ئەحمەد ئاشکرایکرد، ئەمساڵ داوای هاوکارییان لە حکومەت و رێکخراو و کۆمپانیاکانی هۆڵەندا نەکردووە، بەڵکو داوایان لە کەسانی کوردی دیاسپۆرا نشین کردووە و پلانیان هەیە لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە فێستیڤاڵەکە گەورەتر و فراوانتر بکەن".