لە باكووری كوردستان پەیكەری شڤان پەروەر شكێندرا

11-05-2017
سەرباز سیامەند
پەیکەرە شکێندراوەکەی شڤان پەروەر
پەیکەرە شکێندراوەکەی شڤان پەروەر
نیشانەکردن شڤان پەروەر باکووری کوردستان
A+ A-

رووداو- هەولێر

لە ناوچەی سیوەركی سەر بە شاری رووهای باكووری كوردستان، پەیكەری هونەرمەند شڤان پەروەر شكێندرا.


پەیكەری شڤان پەروەر لە ساڵی 2009 لەلایەن شارەوانی ناوچەكە دانرابوو، شەوی چوارشەممە 10-5-2017 لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە پەیكەری شڤان پەروەر شكێندرا و دەموچاوی پەیكەرەكەش شێوێندرا. لەدەستی پەیكەرەكەشدا كە ئامێری ساز هەبوو، پەیكەری ئامێرەکەش بە تەواوی شكێندرا.

حەسەن پۆستەچی، جێگری سەرۆكی شارەوانی رایگەیاند: "هێزە ئەمنییەكان لەبارەی رووداوەكەوە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە. بەو هۆیەش سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ناوچەكەمان كردووە. بەهۆی ئەوەی پەیكەرەكە بەتەواوی شێوێندراوە، بۆیە پەیكەرەكەمان لە شوێنەكە هەڵگرت و هێزە ئەمنییەكانیش لە هەولی دۆزینەویە تاوانبارانی رووداوەكەدان."

شڤان پەروەر دوای ساڵانێکی زۆر لەگەڵ مەسعود بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە باکووری کوردستان و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەیلا زانا و ئیبراهیم تاتڵیساس لە ساڵی 2013 دا چوونە شاری ئامەد و زنجیرەیەك چالاكی تایبەتیان ئەنجامدا.



شڤان پەروەر ساڵی 1955 لە گوندێکی ناوچەی سیوەرکی سەر بە شاری رووها لەدایکبوو. ئەو ئێستا تەمەنی 61 ساڵە و دوور لە زێدی لەدایکبوونی لە ئەڵمانیا و لە باشووری کوردستان ژیان بەسەر دەبات.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە