رووداو دیجیتاڵ
بێن ئافلێک، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی، لە بری مات دەیمن، ئەکتەری ئەمریکی، لە فیلمی "Animals" رۆڵدەگێڕێت.
ئافلێک، جگە لە رۆڵگێڕان لە فیلمەکەدا، کاری دەرهێنانیشی بۆ دەکات و بڕیارە لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوبکرێتەوە.
دەیمەن، بەهۆی وێنەگرتنی فیلمێکی دیکە بەناوی "The Odyssey" لە دەرهێنانی کریستۆڤەر نۆلان، دەستبەرداری ئەو پڕۆژە نوێیە بووە.
وێنەگرتنی "Animals" لە نیسانی 2025 لە لۆس ئەنجلس دەستپێدەکات، هەروەها فیلمی "The Odyssey" لە شوباتی 2026 بڵاودەکرێتەوە.
فیلمی "Animals" باس لە بەربژێرێک بۆ پۆستی پارێزگار دەکات، بەڵام بەهۆی رفاندنی منداڵەکەی، رووبەڕووی دۆخێکی خراپ و ئاڵۆز دەبێتەوە.
دەیمن، هەرچەند لە فیلمی "Animals" رۆڵ ناگێڕێت، بەڵام وەک بەرهەمهێنەر، لە بەرهەمهێنانیدا بەشدار دەبێت، ئەویش لە رێگەی کۆمپانیای "MakeReady" کە بەهاوبەشی لەگەڵ ئافلێک دایمەزراندووە.
فیلمەکە نابێتە یەکەم بەرهەمی ئافلێک کە دەرهێنەر و ئەکتەر بێت تێیدا، بەڵکو فیلمی دیکەی هاوشێوەی هەیە، ئەویش فیلمی "Argo"، "The Town" و "Air".
بێن ئافلێک، لە 15ـی ئابی 1972 لە ئەمریکا لەدایکبووە، ئەکتەر، دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری سینەماییە، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە دوو خەڵاتی ئۆسکار و سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب.
لە تەمەنی منداڵیدا لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی "The Voyage of the Mimi" لە 1984 تاوەکو 1988 رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، دواتر لە چەندین فیلمدا رۆڵی گێڕاوە، پاشان رووی لە کاری دەرهێنان کردووە.
مات دەیمن، لە 8ـی تشرینی یەکەمی 1970 لە ئەمریکا لەدایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسە. لە 2007 و 2010 وەک یەکێک لە پڕداهاتترین ئەکتەران لە لیستی ساڵانەی فۆربس دیاریکرا و براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانەش ئۆسکار و گۆڵدن گڵۆب.
لە 1988 لە یەکەم فیلمدا بەناوی "Mystic Pizza" رۆڵیگێڕاوە، لە 1997 لە رێگەی فیلمی "Good Will Hunting" ناوبانگی پەیداکرد و بووە براوەی خەڵاتی ئۆسکار و گۆڵدن گڵۆبی باشترین سیناریۆی ئۆرجیناڵ، سیناریۆکە لەلایەن دەیمن و ئافلێک نووسراوە. لە تەلەڤزیۆندا ئەزموونی هەیە و لە زنجیرەی "Behind the Candelabra" رۆڵی گێڕاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ