رۆبێرت داونی جونیۆر لە فێستیڤاڵی فیلمی سانتا باربەرا خەڵاتکرا

رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرت داونی جونیرۆ، ئەکتەری ئەمریکی، خەڵاتی 'مالتن مۆدێرن ماستەر'ـی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سانتا باربەرا پێبەخشرا کە گرنگترین خەڵاتی فێستیڤاڵەکەیە.
 
خەڵاتەکە رۆژی شەممە 10ـی شوباتی 2024 لە رێوڕەسمێکدا لە شاری سانتا باربەرا لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا بەخشرا و ژمارەیەک لە هونەرمەندان و هاوڕێیانی ئەو ئەکتەرە ئامادەبوون، لەوانەش کیلیان مۆرفی، ئەکتەری ئێرلەندی و رۆب لۆو، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی.
 
مۆرفی، لە کاتی پێشکێشکردنی وتارێکدا، رۆبێرت داونی جۆنیۆری بە "پیاوی ئاسنین" ناوبرد و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکێکە لەو ئەکتەرانەی کە رۆڵەکانی هەمەرەنگن.
 
پێشتر هەریەک لە نیکۆڵ کیدمەن، خافیێر باردێم، براد بیت، دێنزڵ واشنتن، کێت بلانچێت و جۆرج کلۆنی ئەو خەڵاتەیان پێبەخشراوە.
 
خەڵاتەکە لە 1995ـەوە دەبەخشرێت و رێزێکە لەو کەسانەی کاریگەریان لە دەوڵەمەندکردنی کولتووری ئەمریکا هەبووە؛ لە رێگەی دەستکەوتەکانی بواری پیشەسازی سینەمایی.
 
رۆبێرت داونی جونیۆر، لە 4ـی نیسانی 1965 لە ئەمریکا لەدایکبووە، لە تەمەنی گەنجییەوە توانی ببێتە ناوێکی درەوشاوە لە جیهانی سینەمادا، بەڵام لە قۆناخێکدا بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و کێشەی لەگەڵ یاسادا، بەشێک لەو ناوبانگییەی لەدەستدا. 
 
داهاتی فیلمەکانی ئەو ئەکتەرە زیاتر لە 14 ملیار دۆلارە، بۆیە بە یەکێک لەو ئەکتەرانە دەناسرێت کە فیلمەکانی خاوەن زۆرترین داهاتن. 
 
لە 2008 وەک یەکێک لە 100 کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان لەلایەن گۆڤاری 'تایم' دەستنیشانکرا، لە 2013 و 2015 گۆڤاری 'فۆربێس' وەک گرانترین ئەکتەر لە هۆلیوود دەستنیشانکرد.
 
یەکەم دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لە 1970ـدا لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بوو لە فیلمی 'Pound' و لە 1992 رۆڵی چارلی چاپلنی لە فیلمی بایۆگرافی 'Chaplin'ـدا گێڕاوە.  
 
لە دوای وەرگرتنی چارەسەر لەبارەی ئالوودەبوونی بە ماددەی هۆشبەر، لە زنجیرەی ' Ally McBeal' رۆڵی گێڕا و بەهۆیەوە خەڵاتی گۆڵدن گلۆبی وەک باشترین ئەکتەر بەدەستهێنا و ئێستا بە گشتی خاوەنی دوو خەڵاتی گۆڵدن گلۆبە و سێ جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە.
 
دووبارە درەوشانەوەی رۆبێرت داونی جونیۆر، لە رێگەی کارەکتەری پیاوی ئاسنین بوو کە لە 10 فیلمدا رۆڵگێڕا، یەکەمین فیلم بەناوی 'Iron Man' بوو لە 2008 و دوایین فیلمیش ' Avengers: Endgame' بوو کە لە 2019 بڵاوکرایەوە.
 
دوایین فیلم ئەو ئەکتەرە تێیدا بەشداربووبێت، 'Oppenheimer' بوو کە بە یەکێک لە سەرکەوتووترین فیلمەکانی 2023 لە رووی داهات و ئاستی هونەرییەوە هەژمار دەکرێت.