فێستیڤاڵی ھونەریی سلێمانی-سنە بەڕێوەدەچێ

رووداو-سلێمانی

لە شاری سلێمانی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هونەریی سلێمانی-سنە دەکرێت. بەپێی پلانی فێستیڤاڵەکەش چالاکییەکان چوار رۆژ بەردەوام دەبن.

هونەرمەند بەختیار سەعید، بەڕێوەبەری ناوەندی حەوت رەنگە بە (ئەدەب و کولتووری رووداو)ی گوت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی بە ھاوکاریی ناوەندی حەوت رەنگە فێستیڤاڵی ھونەریی سلێمانی – سنە سازدەکات.

بەڕێوەبەری ناوەندی حەوت رەنگە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە فیستیڤاڵەکە لە رۆژی 19/2/2018 لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت. دەستپێکی فێستیڤاڵەکەش لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەكە بەكردنەوەی پێشانگایەکی نیگارکێشی بۆ شێوەکارانی هەردوو شار دەستپێدەكات.

 گوتیشی، لە فێستیڤاڵی ھونەریی سلێمانی_ سنە، دیبەیتێک لەنێوان شێوەکارانی هەردوو شار لەژێر ناوی گەشەکردنی هونەر لەناو شاردا سازدەكرێت، ئەوە سەرەڕای پرۆگرامی میوزیک و گۆرانی.  لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە بەشدارییەکی کارا لە فێستیڤاڵەکەدا دەکرێت.