راگەیاندنی لیستی بەربژێرانی خەڵاتی ئۆسکار دواخرا


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، کاریگەری لەسەر دەنگدان بۆ خەڵاتی ئۆسکار هەبووە، بۆیە بڵاوکردنەوەی لیستی بەربژیرکراوانی ئەو خەڵاتە؛ دوو رۆژ دواخرا.
 
بڕیاربوو لە 17ـی کانوونی دووەمی 2025 لیستەکە بڵاوبکرێتەوە، بەڵام بۆ 19 مانگ دواخرا.
 
بێڵ کارمەر، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جوڵاو کە خەڵاتی ئۆسکار دەبەخشێت، هاوخەمی بۆ قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەکە دەربڕی. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەشێک لە ئەندام و هاوکارانیان نیشتەجێی لۆس ئەنجلسن و ئەوان بیر لەوان دەکەنەوە.
 
ئاگرکەوتنەوە بە گشتی کاریگەری لەسەر تەواوی چالاکییەکانی هۆلیوود هەبووە، هەفتەی رابردوو رێکخەرانی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی هەڵبژاردەی رەخنەگران کە بڕیاربوو سبەی یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت، بۆ 26ـی هەمان مانگ دواخرا.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئاهەنگی چاخواردنەوەی ئەکایمیای بەریتانی بۆ هونەری سینەما و تەلەڤزیۆن هەڵوشایەوە کە بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت. فێستیڤاڵی ساڵانەی پەیمانگەی فیلمی ئەمریکی چالاکییەکی دیکەی هونەریی و بەم هۆیەوە هەڵوەشایەوە کە 10 باشترین فیلم و زنجیر خەڵات دەکات، بڕیاربوو دوێنێ هەینی 11ـی کانوونی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت.
 
ئاگرکەوتنەوەکە کاریگەری لەسەر پێشاندانی تایبەتی بەشێک لە فیلم و زنجیرە بەهێزەکانی ئەمساڵ هەبووە، لەوانەش فیلمی "The Last Showgirl"ـی پامێلا ئەندرسن، فیلمی "Unstoppable"ـی جێنیفەر لۆپێز و زنجیرەی "Severance". 
 
"ئاکیو وێزەر" دامەزراوەیەکی میدیایی ئەمریکییە بۆ پێشبینی دۆخی کەش و هەوا، زیانی ئاگرکەوتنەوەکە بە 135 بۆ 150 ملیار دۆلار خەملاندووە.
 
بەشێکی زۆر لە ئەستێرە هۆلیوودییەکان لە لۆس ئەنجلس دەژین، بەهۆی ئاگرەکەوە ماڵەکانیان سووتاوە، لەوانەش ماڵی بیڵی کریستاڵ، ئەکتەری کۆمێدی ئەمریکی، ئەنتۆنی هۆبکێنز، ئەکتەری وێڵزی، پاریس هیڵتن، سەرمایەدار و ئەکتەری ئەمریکی، جێمس وۆدس، ئەکتەری ئەمریکی و مایڵس تەلەر، ئەکتەری ئەمریکی.
 
لەنێو ئەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، سانتا مۆنیکا و مالیبون، کە بەهای بەشێک لە خانووەکانیان زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە. ئاگرەکە لە پێنج ناوچەی جیاوازی سنووری لۆس ئەنجلسەوە سەریهەڵداوە و زیاتر لە 14 هەزار هێکتار زەوی سووتاوە.
 
نزیکەی 10 ملیۆن کەس لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا دەژین کە سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیایە. شارەکە زۆرترین چڕیی دانیشتووانی تێدایە لە ئەمریکا؛ نرخی موڵک و باڵەخانەکانی لۆس ئەنجلس زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلارە.
 
بەهۆی ئاگرەکە و کاریگەرییەکانی تاوەکو ئێستا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە، 153 هەزار کەس فەرمانیان پێکراوە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و 10 هەزار خانوو و باڵەخانە سووتاون، هەروەها 400 هەزار کەسیش کارەبایان لەسەر بڕاوە. هەریەک لە کەنەدا، ئوسترالیا، رێکخراوی خاچی سوور و چەندین رێکخراوی دیکەی نێودەوڵەتی؛ لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە هاوکاری ئەمریکا دەکەن.