ئەدێل بۆ یەکەمجار باسی نەخۆشییەکی مەترسیداری خۆی دەکات

رووداو – ئاژانسەکان

ئەدێل، گۆرانیبێژی بەناوبانگی بەریتانی، بۆ یەکەمجار نهێنیی بوونی نەخۆشییەکی مەترسیداری لە ساڵانی رابردوو، لە قورگی, بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "ئەگەری هەبوو نەتوانم گۆرانی بڵێمەوە".



ئەدێل، گۆرانیبێژی بەریتانی، لە ماوەی رابردوو نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "Hello" بڵاوکردەوە، کە بەهۆیەوە، چەندین ژمارەی پێوانەیی نوێی لە جیهاندا تۆمارکرد، ناوبراو لە گفتۆگۆیەکی لەگەڵ گۆڤاری Rolling Stones، گوتوویەتی "لە ساڵی 2011، لە یەکێک لە گەشتە کۆنسێرتەکانم بە دەوری جیهاندا، تووشی نەخۆشییەکی مەترسیداری قورگ هاتم".



دەشڵێت، "هەر لەم ساڵەدا، نەشتەرگەرییەکی مەترسیدارم ئەنجامدا، کە ئەگەری هەبوو بەهۆی ئەم نەشتەرگەرییە، نەتوانم جارێکی دیکە گۆرانی بڵێم و لە کاری هونەری بەردەوام بم".

ئادێڵ، گۆرانیبێژی بەناوبانگی بەریتانی، لە ساڵی 1988 لەدایکبووە، یەکێکە لە بەناوبانگترین گۆرانیبێژەکانی جیهان و دەیان خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە.