گۆرانییە کلاسیکییە کوردییەکان بە میوزیکی جاز و هاوچەرخ پێشکێش دەکرێن


رووداو دیجیتاڵ

بە بەشداری گۆرانیبێژ و ژمارەیەک میوزیکژەنی گەنج، کۆنسێرتی "ئادەم و هاوڕێیان" لە هەولێر پێشکێش دەکرێت و چەند گۆرانییەکی کلاسیکی کوردی، بە میوزیکی جاز و هاوچەرخ پێشکێش دەکرێن.
 
سەفین حەمید، بەرپرسی فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی، بە رووداوی راگەیاند، لە درێژەی چالاکییەکنی پڕۆژەی "هێلان" بۆ چالاکی کولتووری و هونەری، کۆنسێرتی "ئادەم و هاوڕێیان" بۆ ژمارەیەک هونەرمەندی گەنج ساز دەکەن.
 
"هێلان" پڕۆژەیەکی پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانییە لە عێراق، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی و گەلەری سێڤ، زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە.
 
بەرپرسی فێرگەی فرێمینگ، گوتیشی، لە کۆنسێرتەکەدا چەند بەرهەمێکی کلاسیکی کوردی، بە شێوازی میوزیکی جاز و هاوچەرخ دابەشکردنی میوزیکیان بۆ کراوە و پێشکێش دەکرێن.
 
لە کۆنسێرتەکەدا ئادەم دلێر وەک گۆرانیبێژ، گەیلان کامەران بە ئامێری کلارنێت، محەممەد دانا بە ئامێری پیانۆ، رەنج سلێمان بە ئامێری تەپڵ، زەکەریا سەڵاح بە ئامێری باس و ئارێز عەبدولڕەحمان بە ئامێری گیتار بەشدار دەبن. 
 
کۆنسێرتەکە لەلایەن پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فێرگەی فرێمینگ و گەلەری سێڤ، کاژێر 19:00ـی رۆژی شەممە 12-10-2024 لە فێرگەی فرێمینگ سازدەکرێت و هاتن بۆ هەمووانە.