دادگە "دیدی" رووبەڕووی 120 تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی دەکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن "دیدی"
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای دەستگیرکردنی شۆن "دیدی" کۆمبس، راپەری هیپ هۆپی ئەمریکی، بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی، پارێزەرەکانی داوای دادگاییکردنی لە بەهاری داهاتوو دەکەن.
 
پارێزەرانی ئەو راپەرە نامەیەکیان ئاڕاستەی کۆمبس لە زیندان کرد و ئامۆژگاریان کرد، ئامادەیی خۆی پێشان بدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی تۆمەتەکان لە دادگە. 
 
کۆمبس (54 ساڵ) لە 16ـی ئەیلوولی 2024 بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی دەستگیرکرا، لەبەرامبەردا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە. ئێستا ژمارەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون گەیشتووەتە 120 تۆمەت.
 
کۆمبس، بەوە تاوانبارکراوە کە ژنانی ناچار کردووە سێکسی لەگەڵدا بکەن و مامەڵەی خراپی لەگەڵیاندا کردووە، ئەمەش بەهاوکاری کەسانێکی دیکە. هەروەها چەند تۆمەتێکی دیکەی خراوەتە پاڵ، ئەویش توندوتیژی، رفاندن، سووتاندن و لێدان بۆ ترساندنی قوربانیان لە قسەکردن.
 
مارک ئەگنیفیلۆ، پارێزەری ئەو راپەرە دەڵێت، داواکاری گشتی دەیەوێت سێکسکردن بە رەزامەندی هەردوولا؛ بکەنە تاوان لەسەر کۆمبس. گوتیشی، کۆمبس، پلانی هەیە بۆ ئەوەی بێتاوانی خۆ لە دادگە بسەلمێنێت.
 
داواکاری گشتی چەند بەڵگەیەکیان بۆ پاریزەرانی کۆمبس خستووەتەڕوو، بەتایبەت ئەو بەڵگانەی لە مۆبایلەکەیدا هەن و لە رێگەی ئایکڵاودەکەی وەرگیراون کە لەسەر 40 مۆبایل بەکارهاتوون. 
 
شۆن "دیدی" کۆمبس، وەک راپەر و بەرهەمهێنەر ناسراوە و سێ جار خەڵاتی گرامی بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە