پێشبینی دەکرێت تابلۆیەکی پیکاسۆ بە 120 ملیۆن دۆلار بفرۆشرێت

10-10-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'Femme a la Montre' پابلۆ پیکاسۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'Femme a la Montre' یەکێک لە شاکارە هونەرییەکانی پابلۆ پیکاسۆ، شێوەکاری ئیسپانییە، بڕیارە لە لەندەن بخرێتەڕوو و پێشبینی دەکرێت بە بڕی 98 ملیۆن پاوەند (زیاتر لە 120 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) بفرۆشرێت.
 
تابلۆکە لە 1932 کێشراوە و وێنەی تیرێز والتەر لەخۆدەگرێت، ئەو ژنەی لە چەندین تابلۆی ئەو هونەرمەندەدا کێشراوە و لە 12-13ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە خانەی زیادکردنی ئاشکرای سۆزبیز لە لەندەنی بەریتانیا دەخرێتەڕوو.
 
خاوەنی تابلۆکە فیشەر لاندۆ، کۆکەرەوەی کارە هونەرییەکانە و لەگەڵ ژمارەیەک شاکاری دیکەی هونەری لە پێشانگەیەدا بۆ فرۆشتن دەیانخاتەڕوو.
 
پێشبینی دەکرێت بەرهەمەکانی لە پێشانگەکەدا دەخرێنەڕوو، بە بڕی 327 ملیۆن پاوەند (400 ملیۆن دۆلار) بفرۆشرێن.
 
لە پێشانگەکەدا، بەرهەمی هونەرمەندانی وەک ئاندی وارهۆڵ، جاسپەر جۆنز و ولیەم دکوینینگ لەخۆدەگرێت و پێشبینی دەکرێت بە بەهای زۆر بفرۆشرێن. 
 
هەفتەی رابردوو؛ تابلۆی 'Femme a la Montre' لە دوبەی خرایەڕوو و بۆ یەکەمجار بوو دوای تێپەڕوونی 50 ساڵ، ئەم بەرهەمە ببردرێتە دەرەوەی ئەمریکا. 
 
پابلۆ پیکاسۆ، لە 25 ـی تشرینی یەکەمی 1881 لە شاری مەلەگا لە ئیسپانیا لە دایکبووە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا باوکی فێری وێنەکێشانی کردووە، لە تەمەنی 13 ساڵیدا وێنەیەکی باوکی تەواوکردووە کە بەنیوەچڵی بەجێیھێشتووە، کاتێک باوکی سەیری وێنەکەی کرد بۆی دەرکەوت کە کوڕەکەی لەخۆی بەتواناترە، هەر بۆیە وازی لەوێنەکێشان ھێناوە.
 
پیکاسۆ یەکێک لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی سەدەی بیستەمە و دامەزرێنەری بزوتنەوەی کوبیزم دەناسرێت، تابلۆی 'Les Demoiselles d’Avignon' لە 1907 و تابلۆی 'Guernica' لە 1937 کێشاوە و بە دوو بەناوبانگترین بەرهەمی دەناسرێن.
 
ئەو هونەرمەندە لە ماوەی (1901-1904) کاری لەسەر رەنگی شین کردووە، لە (1904-1960) رەنگی پەمەیی و لە (1909-1912) بە هونەری ئەفریقا کاریگەر بوو.
 
بەهۆی هونەرەکەیەوە، بە یەکێک لە بەناوبانگترین کەسایەتییەکانی سەدەی بیستەم دەناسرێت، لە رێگەی هونەرەکەیەوە سامانێکی زۆری کۆکردووەتەوە، پێچەوانەی زۆربەی شێوەکارانی دیکە کە بە هەژاری ژیاون، لە 8ـی نیسانی 1973 و لەتەمەنی 91 ساڵیدا، کۆچی دوایی کردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە