دیزاینەکانی تۆری بۆرچ لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی نیویۆرک نمایشکران


رووداو دیجیتاڵ

وەرزی نمایشکردنی دیزاینەکانی بەهار و هاوینی 2025 لە جیهاندا دەستیپێکردووە، لەم هەفتەیەدا دیزاینەرانی جلوبەرگ لە جیهاندا، نوێترین دیزاینەکانیان لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی نیویۆرک لە ئەمریکا نمایش دەکەن.
 
لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی نیویۆک، تۆری بۆرچ نوێترین دیزاینەکانی تایبەت بە بەهار وهاوینی 2025 بەناونیشانی "Sportif Spring" لە رێگەی ژمارەیەک نمایشکاری جلوبەرگ خستەڕوو.
 
نمایشەکە لە برۆکلین بەڕێوەچوو کە قەرەباڵخترین ناوچەی نیویۆرکە و زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار کەس تێیدا دەژین، هەروەها نۆیەم قەرەباڵخترین ناوچەیە لەسەر ئاستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
 
هەفتە نمایشی جلوبەرگی نیویۆرک لە 6ـی ئەیلوولی 2024 دەستیپێکرد، بڕیارە سبەی چوارشەممە 11ـی ئەیلوول کۆتایی بێت.
 
هەفتە نمایشەکە ساڵانە بەپێی وەرزەکان سازدەکرێت، جگە لە جلوبەرگی ژنان، نمایشی تایبەت بە جلوبەرگی پیاوانیشی هەیە، هەفتە نمایشی جلوبەرگی ئاسایی و گرانبەهاش لەخۆدەگرێت.
 
میلان، پاریس، لەندەن و نیویۆرک، لە هەفتە نمایشە بەناوبانگەکانی جیهانن و رکابەریان نییە.
 
لە 1ـی تاوەکو 7 ئەیلوولی 2024 هەفتە نمایشی جلوبەرگی دوبەی تایبەت بە وەرزی بەهار و هاوینی 2025، لە دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەچوو. هەفتە نمایشەکە هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی بێتە ئاستی هەفتە نمایشە گرنگەکان لە جیهاندا.